رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی دژی گەریلاکانی پەکەکە کاریگەریی زۆریان هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای وڵاتەکەی لەنێو باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش شەڕی ئەو هێزە دەکات.
لە رێوڕەسمێکدا کە لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی: "ماوەی 40 ساڵە بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز هەیە و قوربانیی گەورەمان داوە. هەزاران رۆڵەمان لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا شەهیدبوون. ئیدی رێکخراوی جوداخواز لە نێوخۆی سنوورەکانماندا ناتوانێت چالاکی بکات".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز" لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە و رایگەیاند: "ئێمە بە سەرباز، پۆلیس، جەندرمە و هەواڵگریمان بەسەر سەریانەوەین و گورزی کاریگەریان لێدەدەین. زوو ناوچەکە (ئەو ناوچەیەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت) لە باکووری عێراق قوفڵ دەدەین و گەمارۆی دەدەین".
ئەردۆغان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، "لە سووریادا ئەڵقە تەواونەکراوەکانی پشتێنەی ئەمنی بە رەچاوکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا تەواو دەکەین. پێداگرین لەسەر ئەوەی لە هێڵی عێراق و سووریادا رێگە بە هیچ پێکهاتەیەک نەدەین کە هەڕەشە بێت بۆسەر وڵاتەکەمان".
تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپی خاکی هەرێمی کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ- قوفڵ دەستپێکرد. شەڕەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و چەند هەفتەیەکیشە تووندتر بووە.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوێک بۆ رووداو، لە 27 رۆژدا سوپاى تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە، هەروەها بەهۆى شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنوورى دهۆک 184 خێزان ئاوارە بوون، 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکەیان لە 15ى حوزەیرانەوە تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە و زۆربەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بووە.
کامەران عوسمان ئاماژەى بەوەدا 8 گوند لە سنوورى قەزاى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک بە تەواوى چۆڵ بوون و 602 گوندیش مەترسى چۆڵبوونیان لەسەرە.
بەگوێرەى ئامارەکە ،لەو ماوەیەدا نزیکەى 182 خێزان لە سنوورى دهۆک ئاوارە بوون.
تورکیا سێ جاریش لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی زەوینی چووەتە نێو رۆژئاوای کوردستان و سووریا؛ ئابی 2016 سوپای ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها سوپای تورکیا رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی [چڵەزەیتوون] لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان؛ رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019یش لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" شارۆچکەکانی گرێسپی و سەرێکانیی لە رۆژئاوای کوردستان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بریتییە لە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و یەپەگەش پێکهێنەرێکی سەرەکییەتی.
یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدەیە و تورکیاش دەڵێت، پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ