جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: 13 ساڵە تەنیا یەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێکراوە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەماوەی کار و چالاکیی خۆیدا، 113 پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێکراون، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، لە 2010ـوە تائێستا 47 پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگامان هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەمە، 13-07-2023 کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت ''ئەوەی لەبەردەستی ئێمەیە، لە ساڵی 2010ـوە بۆ 2023، 47 پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگامان هەبوون، کە هەندێکیان هی ساڵانی رابردوون و تەنیا 24 پڕۆژە هی ساڵی 2021 و 2022ـن''.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندنی کار و چالاکییەکانی چوار ساڵەی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 113 پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراون.
 
کاوە عەلی گوتی، لەسەر بودجەی وەبەرهێنان ئەو پڕۆژانەی دەستبەکار بوون، ژمارەیەکی زۆریان پڕۆژەی کۆنن و تەنیا چواریان پڕۆژەی نوێن، ''کە دووانیان پڕۆژەی ستراتیژین و هێشتا دەستبەکار نەبوون، ئەوانیش پڕۆژەی پردی تووە قوت و سایلۆی هەڵەبجەن کە ساڵانە تەرخانیان بۆ دەکرێت و تێچوویان 56 ملیار دینارە''.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو پڕۆژانەی بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت بە واتای جێبەجێکراو نین و، ''ئەو کەسانەی لەسەر پڕۆژە و تێچووی پڕۆژەکان لێدوان دەدەن، هەندێک لەم زاراوانە جیاناکەنەوە، بۆیە تووشی هەڵە دەبن، پڕۆژەمان هەیە چوار ساڵە بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش جێبەجێ نەکراوە''.
 
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی ئەو 113 پڕۆژەیەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەی بە 319 ملیار و 434 ملیۆن دینار راگەیاندووە، کاوە عەلی لەوبارەوە گوتی ''نەک ئەوەندە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو بە گوژمەی کەمتر لە 10 ملیار دینار، پڕۆژەکان لە سنووری ئەم پارێزگایە جێبەجێ کراون و خەرجییەکەیان گەیشتووەتە دەستی بەڵێندەران''.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باس لەوە دەکات، پێویستە لەگەڵ داتای تایبەت بە پڕۆژە و گوژمەکان، ناوی پڕۆژەکانیش بخرێتەڕوو، بەتایبەتی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان؛ گوتیشی، ''لە ساڵی 2010ـوە تاوەکو ئێستا، تەنیا پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سنووری پاریزگای هەڵەبجە جێبەجێکراوە، کە ئەویش پڕۆژەی رێگەی دووساید بووە".
 
دەستەی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای تایبەت بە پڕۆژەکان بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
 
هەولێر؛ 1104 پڕۆژە بە گوژمەی 4 تریلیۆن و 984 ملیار و 745 ملیۆن دینار
سلێمانی؛ 644 پڕۆژە بە گوژمەی 2 تریلیۆن و 839 ملیار و 349 ملیۆن دینار
دهۆک؛ 617 پڕۆژە بە گوژمەی 2 تریلیۆن و 210 ملیار و 696 ملیۆن دینار
هەڵەبجە؛ 113 پڕۆژە بە گوژمەی 319 ملیار و 434 ملیۆن دینار
ئیدارەی گەرمیان؛ 160 پڕۆژە بە گوژمەی 604 ملیار و 719 ملیۆن دینار
ئیدارەی راپەڕین؛ 200 پڕۆژە بە گوژمەی 445 ملیار و 635 ملیۆن دینار
ئیدارەی سۆران؛ 338 پڕۆژە بە گوژمەی 460 ملیار و 450 ملیۆن دینار
ئیدارەی زاخۆ؛ 138 پڕۆژە بە گوژمەی 394 ملیار و 298 ملیۆن دینار.