رووداو وەکو یەکەمین میدیای کوردی پەخشی پۆدکاست دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو وەشانی رادیۆیی خۆی دەگۆڕێت و لەوەرزێکی نوێدا وەکو یەکەمین میدیای کوردی چەندین پۆدکاستی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە، پۆدکاستەکانی تۆڕی میدیایی رووداو جیا لەوەی لە رادیۆی رووداو و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبنەوە، رووداو ماڵپەڕێکی تایبەت بە پۆدکاستیشی دەبێت، کە هەموو پۆدکاستەکان لەسەر ئەو ماڵپەڕە بڵاودەکرێنەوە.
 
لەو وەرزە نوێیەدا، تۆڕی میدیایی رووداو 20 پۆدکاستی جۆراوجۆری دەبن، لە هەموو بوارەکانی هونەری، زانستی، ئابووری، سیاسی، تەندروستی و گەنجانە، پۆدکاستەکان لەلایەن نووسەر، هونەرمەند و رۆژنامەڤانی بە ئەزموون و دیاری کوردستان پێشکێش دەکرێن.
 

شانۆی سالار
 
پۆدکاستێکی هونەریی تایبەت بە شانۆ و مێژووی شانۆیە لە باشووری کوردستان، ئەم پۆدکاستە لەلایەن هونەرمەندی شانۆکاری نێوداری کورد، ئەحمەد سالار پێشکێشدەکرێت، هونەرمەند لە ماوەی وەرزی نوێی رادیۆی رووداودا لەرێگەی چەندین ئەڵقەی پۆدکاستەوە باسی مێژووی سەرهەڵدانی شانۆ لە باشووری کوردستان دەکات، هەروەها هونەرمەند لەم وەرزەدا باس لە ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم شانۆ لەباشووری کوردستان دەکات.
 
هونەرمەند، ئەحمەد سالار، لەبارەی پۆدکاستی شانۆی سالارەوە دەڵێت،"خۆشحاڵم بۆ یەکەمجار لە رادیۆی رووداوەوە یەکەم پۆدکاستی تایبەت بە مێژووی شانۆی کوردی پێشکێش دەکەم".
 
ئەحمەد سالار ئاماژە بەوەش دەکات ئەم "پۆدکاستە" تایبەتە بە مێژووی شانۆ و شانۆی کوردی و سەرهەڵدانی لە سلێمانی و پاشان باشووری کوردستان، هەروەها "باسم لە ئەزموونی خۆم کردووە لە شانۆی کوردیدا".

 

 
ژ کۆبانێ حەیا بۆنێ 
 
ژ کۆبانێ حەیا بۆنێ، پۆدکاستێکی تایبەتە بە ژیان و بەرهەمەکانی نووسەر و رۆماننووسی نێوداری کورد، جان دۆست. نووسەر لە پۆدکاستەکەدا باس لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە باژێری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان تاوەکو شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکات، تیشک دەخاتەسەر ئەزموونی نووسین و کارەکانی خۆی، هەروەک نووسەر باس لە نووسینەکانی خۆی دەکات لە تاراوگە و کاریگەرییەکانی تاراوگە و بیروەرییەکانی کۆبانێ لەسەر نووسین و بەرهەمەکانی.
 
نووسەر و رۆماننووس، جان دۆست دەڵێت "پۆدکاستی ژ کۆبانێ حەیا بۆنێ، زیاتر وەکو بایۆگرافیای منە، باس لە ژیان و ئەزموونی خۆم لە کایەی رۆشنبیری و فەرهەنگی کوردیدا دەکەم، باسی قۆناخەکانی سەرەتای ژیانم لە کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان و پاشان کۆچم بۆ تاراوگە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا".
 
جان دۆست دەشڵێت "ئەم دەرفەتەی کە رووداو بە منی دا، بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە و زۆر لام گرنگبوو کە ئەم پۆدکاستە پێشکێش بکەم، چونکە هەموو ئەو کار و بەرهەمە ئەدەبییانەی نووسیومن، لێرە تیشکم خستووەتەسەر و دەرفەتێکی باش بوو بۆ بیرهێنانەوەی ئەو بەرهەمانەی پێشکێشم کردوون".
 

داستانێن مێرانیێ 
 
داستانێن مێرانیێ، پۆدکاستێکی تایبەتە بە داستانە میوزیکییەکانی مێژووی کورد، لەلایەن هونەرمەندی باکووری کوردستان، برادەر پێشکێش دەکرێت، هونەرمەند برادەر لە پۆدکاستەکەدا باس لەو داستانانە دەکات، کە بەشێوەی تۆمارکراو یان لەسەر زار وەک بەشێک لە هونەری رەسەنی کوردی ماونەتەوە و باسی قارەمانیێتی و عەشق و ئەڤین دەکەن، ئەو لەگەڵ گێڕانەوەی داستان و بابەتە مێژووییەکان، لەڕێگەی سازەکەیەوە داستانەکان دووبارە پێشکێش دەکاتەوە.
 
هونەرمەند برادەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری داستانێن مێرانیێ دەڵێت "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم بەشێکم لەم دەستپێشخەرییەی رووداو کە وەکو یەکەم میدیای کوردی پەخشی پۆدکاست دەست پێدەکات، منیش لەڕێگەی پۆدکاستی داستانێن مێرانیێ، داستانە کوردییەکان لە ماوەی سەت ساڵی رابردوودا لە باکووری کوردستان دەگێڕمەوە و لەگەڵ ئاواز و میوزیک و سترانی کوردی تێکەڵیان دەکەم".
 

دیجیتاڵ سیتیزن 
 
دیجیتاڵ سیتیزن، پۆدکاستێکی نوێی رادیۆی رووداوە، پۆدکاستەکە لەلایەن هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکینکی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشدەکرێت، پێشکێشکار باس لە دوایین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و زیرەکی دەستکرد دەکات، هەروەک باس لە گرنگیی تەکنەلۆژیا و کاریگەریی و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات، لەم پۆدکاستەدا باس لەو ئاڵنگارییانە دەکرێت کە هاوتەریبی سوودەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا رووبەڕووی ژیانی مرۆڤایەتی دەبنەوە، لە پۆدکاستی دیجیتاڵ سیتیزن باس لە هاووڵاتی دیجیتاڵی دەکرێت، کە دەکرێت لە ئاییندەدا ژیانی ئێمە بەهۆی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان بە کوێ بگات؟ 
 
هەژار برنجی، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی دیجیتاڵ سیتیزن دەڵێت "جیهان بەرەو جیهانی دیجیتاڵی دەچێت، تاکی ئێمە دەکەوێتە کوێی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە جیهاندا روودەدات؟ ئایا کۆمەڵگە و تاکی ئێمە ئامادەیە بۆ ئەو گۆڕانە بەپەلانەی لە بواری تەکنەلۆژیا روودەدەن، ئاسایشی دیجیتاڵی و سایبەر سکیۆریتی و زیرەکیی دەستکرد لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە گرنگترین کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە دیجیتاڵ ستیزن، زانیاری و ئاگایی تەواوتان پێدەڵیین بۆ ئەوەی ببینە هاووڵاتییەکی هۆشیاری دیجیتاڵی".
 

کۆزمۆس 
 
کۆزمۆس، گەشتێکە بەنێو واڵایی فراوانی ئاسماندا. رۆژ عەلی زاڵە و رێباز عەلی لە پۆدکاستی کۆزمۆسدا، لەسەر دیاردە سەرسوڕهێنەرەکان و تەکنەلۆژیای گەڕان بە دوای زانین دەربارەی بۆشایی ئاسمان، گفتوگۆ دەکەن. لە رێگەی پرۆگرامی کۆمپیوتەرییەوە، سەردانی ئەو هەسارانە دەکەن کە تائێستا دۆزراونەتەوە و ئەگەری ژیانیان لەسەرە. چەمکە زانستییەکان و دواترین تێگەیشتنە زانستییەکان شرۆڤە دەکەن. پرسیاری سەدان ساڵەی مرۆڤ تاوتوێ دەکەن؛ چۆن هێزی راکێشان دروست بووە؟ چۆن دەزگاکانی تایبەت بەو بوارە بە دوای هەسارەی دیکەدا دەگەڕێن و دەدۆزرێنەوە؟ سەدان ملیار جۆری دیکە لە بۆشایی ئاسماندا چۆن دروست بوون و چۆن کۆتاییان دێت؟ خۆر، کە بەردەوام دەتەقێتەوە لە نێوخۆیدا، کەی کۆتایی دێت؟ بۆچی لە ناکاو ناتەقێتەوە؟  مرۆڤ تا کوێ و کەی دەتوانێت ببینێت و چی لە بۆشایی ئاسمان تێگەیشتووە؟ پۆدکاستی کۆزمۆس، بە زمانێکی روون زانستی بۆشایی ئاسمان روون دەکاتەوە و بیسەر و بینەر ئاشنای بوارێک دەکات کە تێگەیشتن لێی، بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆڤ لە خودی خۆی و کۆمەڵگەکەشی فراوانتر دەکات. 
 
رۆژ عەلی زاڵە دەڵێت، "کۆزمۆس هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی زانستییانەی دیاردە و رووداوە گەردوونییەکان، وەکو زانا ئاسترۆفیزیستەکان دەڵێن؛ تێگەیشتن لە زانستی بۆشایی ئاسمان و تێگەیشتن لە قەبارە و هەڵسوکەوتی گەردوون وا دەکات مرۆڤ، وەکو مرۆڤایەتی بیر بکاتەوە، نەک وەکو تاکە مرۆڤێک. لە کۆزمۆس تیشک دەخەینە سەر ئێستا و ئاییندەی گەردوون و هەسارەکان".
 

ئۆتۆ ئێف ئێم
 
ئۆتۆ ئێف ئێم، پۆدکاستێکی میکانیکی تایبەتە بە زانیاری لەسەر هەموو بەش و پارچەکانی ئۆتۆمبێل، لەلایەن ئەندازیاری میکانیکی، عەلا محەممەدەوە پێشکێشدەکرێت. زۆرینەمان لەکاتی بوونی هەر گرفت و کێشەیەک ئەگەر بچووکیش بێت زانیاری سەرەتاییمان لەسەر گرفت و کێشەکانی ئۆتۆمبێل نییە، بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر لە ناوچەیەکی دوورە دەست یان لە دۆخێکی سەختدا ئۆتۆمبێلەکەت لەکار بکەوێت، چی دەکەیت؟ ئایا چاوەڕێی وەستایەکی میکانیکی دەبیت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بۆ چاک بکات؟ یان چی دەکەیت؟ دەزانیت لەرێگەی گوێگرتن لە پۆدکاستەکانی ئۆتۆ ئێف ئێم لە رادیۆی رووداو، زانیاری و ئاگایی پێویستت دەبێت لەسەر هەموو پارچەکانی ئۆتۆمبێل و کاری ئەو بەشانەی ئۆتۆمبێل چۆن دەبێت.
 
عەلا محەممەد ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی ئۆتۆ ئێف ئێم، دەڵێت "لە پۆدکاستی ئۆتۆ ئێف ئێم، باس لە پارچە میکانیکییەکانی ئۆتۆمبێل و شێوازی کارکردنیان دەکەم، هەروەها لەم پۆدکاستەدا باس لەوەدەکەین چۆن گرنگی بە ئۆتۆمبێل بدرێت و دیارترین ئەو گرفتانە چین کە لە وەرزە جیاوازەکاندا رووبەڕووی شۆفێران دەبنەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "زۆرینەی ئەوانەی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنن، کەمیان زانیاری پێویستیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان هەیە، لە ئۆتۆ ئێف ئێم، باس لەوەدەکەین چۆن خۆمان لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێی ئۆتۆمبێل بگونجێنین".
 

ئاوازێن باکوور 
 
پۆدکاستی ئاوازێن باکوور، لەلایەن سەیدا گۆیان هەفتانە لە رادیۆی رووداوەوە پێشکێش دەکرێت، لەم پۆدکاستەدا پێشکێشکار لەگەڵ میوانەکانی لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان لەگەڵ هونەرمەندان و سترانبێژانی باکووری کوردستان ئاواز و سترانی کوردی دەچڕن، هەروەک پۆدکاستی ئاوازێن باکوور، باس لەو گۆرانی و ئاوازە کوردییانە دەکات، کە بوون بە بەشێک لە مێژووی ئاوازی کوردی لە باکووری کوردستان.
 
سەیدا گۆیان، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی ئاوازێن باکوور دەڵێت "ئێمە دەگەڕێین و ئاوازە رەسەن و کوردییەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان پێشکێش بە ئێوە دەکەین، لە پۆدکاستی ئاوازێن باکوور کولتوور و رەسەنایەتی بەدەنگ بە ئێوە ئاشنا دەکەین و، ئەو دەنگانە بەسەردەکەینەوە کە نەبیستراون یان کەم بیستراون".
 

رووداوی جیهان 
 
رۆژانە رووداوی زۆر لە جیهاندا روودەدەن، رەنگە ئێمە تەنیا فریای ئەوە بکەوین بەشێکی ئەو هەواڵانە بزانین بەشێوەیەکی ئاسایی، بەڵام لە پۆدکاستی رووداوی جیهان لە رادیۆی رووداو، هەفتانە رۆژنامەڤان لهۆن نەسرەدین، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگترین رووداوی هەفتە لەسەر ئاستی جیهانی کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی و جیهانی دەبێت، هەڵدەبژێرێت و شرۆڤەیان دەکات.
 
لهۆن نەسرەدین، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی رووداوی جیهان دەڵێت "سەرقاڵیی ژیان، وا لە مرۆڤ دەکات، ئاگاداری هەموو هەواڵ و رووداوێکی شار و تەنانەت وڵاتەکەی خۆشی نەبێت، بەڵام ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی جیهان، هەفتانە گرنگترین هەواڵ و رووداوەکانتان بۆ هەڵدەبژێرین و شرۆڤەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی جیهان دەکەین، کە دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆی لەسەر تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هەبێت".
 

رووداوی عێراق
 
ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەواوی باشووری کوردستان دەبێت، هەفتانە رۆژنامەڤان هەستیار قادر، ئیدیتۆری دیسکی عێراقی تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی پۆدکاستی رووداوی عێراقەوە نوێترین زانیاری لەسەر رووداوەکان و شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی عێراق دەکات و زانیارییەکانی پشت پەردە دەخاتەڕوو، هەروەک لەگەڵ میوانی تایبەتمەند و شارەزا شرۆڤەی ورد و بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات. 
 
هەستیار قادر، ئامادەکار و پێشکێشکاری رووداوی عێراق دەڵێت "رۆژانە رووداوی چاوەڕواننەکراو و بەپەلە لە عێراق روودەدەن، بەشێک لەو هەواڵانە تەنیا بەشێوەیەکی رووکەش تەماشای دەکەین، ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی عێراق دیوی پشتەوەی هەواڵ و رووداوەکان دەخەینەڕوو، لە پۆدکاستی رووداوی عێراق زانیاری نەگوتراوتان پێدەڵێین و بۆتان رووندەکەینەوە کە لە پشتەوەی هەواڵەکان، چی دەگوزەرێت".
 

بازاڕ
 
بۆچی وڵاتێک پێشکەوتووترە لە وڵاتێکی دیکە؟ بۆچی کەسێک لە کەسێکی دیکە دەوڵەمەندترە و داهاتی زیاترە؟ دوو فرۆشیار بەتەنیشتی یەکەوەن، بەڵام یەكێکیان داهاتی لەوی دیکە زیاترە. گرنگترین رووداوە ئابوورییەکان چین و چ کاریگەرییەکیان لەسەر بازاڕ و جووڵەی بازاڕ دەبێت. 
 
هەفتانە محەممەدی شێخ فاتیح لەڕێگەی پۆدکاستی بازاڕ لە رادیۆی رووداو، شرۆڤەی جموجووڵەکانی بازاڕ، ئاڵوگۆڕ و فرۆشتن دەکات، پێشکێشکار لە پۆدکاستەکەیدا باسی لێکەوتەی رووداوەکان لەسەر بازاڕ دەکات و فرۆشیاران و خاوەنکاران چۆن خۆیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر کار و بەرهەمەکانیان نەبێت.
 
محەممەدی شێخ فاتیح دەڵێت "لە پۆدکاستی بازاڕ، سەرنجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە هاونیشتمانی، خاوەنکار و کاسبکار چۆن بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕدا خۆیان بگونجێنن، هەروەک باس لە گرنگترین ئەو رووداو و پێشهاتانەی هەفتە دەکەین، کە لێکەوتەیان لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و هاونیشتمانییان دەبێت."
 

5 خولەک
 
پۆدکاستی پێنج خولەک، رۆژانە لە رادیۆی رووداو لە دوو کاتی جیاوازدا لەلایەن (ئەدلین قاسم)، پێشکێشدەکرێت، پۆدکاستی پێنج خولەک دیوێکی دیکەی هەواڵەکانە و رۆژانە لەماوەی پێنج خولەکدا هەواڵەکان پێشکێشدەکرێن و نوێترین و گرنگترین هەواڵەکانی هەرچوار بەشی کوردستان و جیهان دەخرێتە بەرگوێی بیسەرانی رادیۆی رووداو.
 

چاوی سێیەم
 
پۆدکاستی چاوی سێیەم، پۆدکاستێکی گفتوگۆئامێزە و لەلایەن رۆژنامەڤان حوسێن عومەر، بەرپرسی دیسکی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکشدەکرێت، لە پۆدکاستەکاندا تیشکدەخاتە سەر گرنگترین رووداو و پێشهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، کە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و لەگەڵ میوانەکانیدا شرۆڤەی بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
 
حوسێن عومەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی چاوی سێیەم دەڵێت: "لە چاوی سێیەم بەهاوێنەیەکی بێلایەنانە و بابەتییانە لەگەڵ میوانەکانم شرۆڤەی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکەین و، باس لە لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی لە رۆژئاڤا دەکەین".
 

یاریگەی رووداو
 
هەفتانە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی دێسکی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەریگەی پۆدکاستی یاریگەی رووداوەوە شرۆڤە و باسی هەواڵ و رووداوە وەرزشییەکان دەبیستن، پێشکێشکارانی یاریگەی رووداو لە پۆدکاستی یاریگەی رووداودا باس لەو خول و یارییە جیهانییانە دەکەن، کە بۆ تۆی وەرگر جێی بایەخن، ئەوان پێکەوە شرۆڤەی هەواڵ و پێشهاتە وەرزشییەکان دەکەن و زانیاری نەبیستراوتان پێدەڵێن.
 
دکتۆر ئۆنڵایین
 
پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین، پۆدکاستێکی تەندروستییە و هەفتانە دکتۆر رانیا رزگار، ئامادە و پێشکێشی دەکات. لەرێگەی پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایینەوە باس لە گرفت و نەخۆشییەکان دەکرێت لەرێگەی میوانداریکردنی پزیشكانی پسپۆڕەوە، گفتوگۆی نەخۆشی و گرفتە تەندروستییەکان دەکرێت، لە پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین، سەرنجی سەرەکی پۆدکاستەکە لەسەر هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزییە لەو هەڵە باوانەی دەشێت کۆمەڵگە رووبەڕوویان ببێتەوە و پابەندی خۆپارێزی نەبێت، لەم پۆدکاستەدا پرسیارەکانی هاونیشتمانیان لەرێگەی دکتۆر ئۆنڵایینەوە لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ باسدەکرێن و وەڵام دەدرێنەوە.
 
دکتۆر رانیا رزگار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین دەڵێت، "پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین، هاوتەریبی پرۆژەیەکی تەندروستیی دیجیتاڵییە، لەم پۆدکاستەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین و دیارترین ئەو نەخۆشیی و پەتایانەی رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە، سەرنج و ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە پۆدکاستی دکتۆر ئۆنڵایین ئەوەیە، هاونیشتمانییان و چارەخوازان خۆیان هۆشیاری پێویستیان هەبێت لەسەر پاراستنی تەندروستیی خۆیان".
 

بەکاتی ئامەد
 
پۆدکاستی بەکاتی ئامەد، پۆدکاستێکی هەفتانەیە گرنگی بە رووداو و پێشهاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسیی، فەرهەنگییەکانی باکووری کوردستان دەدات، لە پۆدکاستی بەکاتی ئامەد گرنگترین رووداوی هەفتە دەکرێتە رۆژەڤ و شرۆڤە و باسدەکرێت. هەفتانە ماشەڵڵا دەکات، لە رێگەی پۆدکاستی بەکاتی ئامەد لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی رووداوەکان دەکات و گفتوگۆیان لەسەر دەکات.
 
ماشەڵڵا دەکاک، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی بەکاتی ئامادە دەڵێت، "پۆدکاستی بەکاتی ئامەد جیاواز لە هەر پۆدکاستێکی دیکە، هەوڵێکە بۆ باسکردنی گرنگترین رووداو و پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و بەرۆژەڤکردنیان، هەروەک لە بەکاتی ئامەد باس لەو بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرهەنگییانە دەکەین، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان دەبێت."
 

بەکاتی سلێمانی
 
بەکاتی سلێمانی، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکریت. هەفتانە ئاسۆ سەراوی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی سنووری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی سلێمانی دەبێت.
 
ئاسۆ سەراوی، ئامادەکار و پێشكێشکاری بەکاتی سلێمانی دەڵێت، "لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ باسکردنی دیارترین گرفت و کێشەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بکەین لەماوەی هەفتەیەکدا، هەروەک لەگەڵ میوانەکانم بەدواداچوون بۆ سەرنج و گلەیی و گازەندەی هاونیشتمانیان لە سلێمانی و دەوروبەری دەکەم".
 

بەکاتی دهۆک
 
بەکاتی دهۆک، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشدەکرێت. هەفتانە ناسر عەلی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی دهۆک و دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەبێت.
 
ناسر عەلی، ئامادەکار و پێشکێشکاری بەکاتی دهۆک دەڵێت،"لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنج و دیقەتی ئێمە لەسەر گرفت و کێشە خزمەتگوزاری و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەبێت، هەروەک هەوڵدەدەین لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک، سەکۆ و مینبەری هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، دەشتی نەینەوا و شنگال بین".
 
 
لەگەڵ ئادەم
 
هەفتانە ئادەم بێدار، لەڕێگەی پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم لەگەڵ میوانەکانی گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات لە روانگەی ئایینەکانەوە، بە ئامانجی ئەوەی تێگەیشتنێکی میانڕۆیی لەسەر کۆی ئەو رووداوانە بکرێت، کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. گفتوگۆ لەبەرنامەی لەگەڵ ئادەم بە ئاراستەی رێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی هەموو ئایینەکانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
 
لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم هەوڵدەدرێت تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ هەموو ئەو بابەتانە بکرێت کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
ئادەم بێدار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم دەڵێت،"لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی هێمنانەی بەرهەمدار بەئاراستەی تێگەیشتن و تێڕوانینی هاوبەش بۆ گرنگترین رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیدی ئایینەکانەوە باسبکەین و جەخت لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکەینەوە".
 

مژار
 
پۆدکاستی مژار جیاواز لە هەموو پۆدکاست و پرۆگرامێکی دیکە، لە مژار رۆژانە بازنەی یەکەمی گرنگی پێدانی ئەم پۆدکاستە گرفت و کێشەکانی هاونیشتمانییانە، لە پۆدکاستی مژار، هاونیشتمانیان دەتوانن لەرێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گرفت و کێشەکانیان باس بکەن و تۆڕی میدیایی رووداو لەریگەی بەش و ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون و بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتەکان بکات و وەڵامی گرفت و پرسیارەکانی هاونیشتمانیان وەربگرێت.