ئاگر لە ئەزمڕی سلێمانی کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە چیای ئەزمڕ کەوتووەتەوە و دیوی سیتەكیشی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، "چەند تیمێكمان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە ناردووە و ئەگەر رەشەبا رێگر نەبێت كۆپتەریش بەكاردەهێنین"."
شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای چوارتا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-07-2023 ئاگر لە چیای ئەزمڕ کەوتووەتەوە و دیوی ناحیەی سیتەكیشی گرتووەتەوە؛ ئاگرەکەش هێشتا كۆنترۆڵ نەكراوە.
قایمقامی قەزای چوارتا ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەكانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن، "بەڵام رەشەبایەكی بەهێز هەیە و رێگرە لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە."
هەروەها عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، چەندین تیمی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی ئاگرەكە و "ئەگەر پێویست بكات و رەشەبا رێگر نەبێت، هەلیکۆپتەریش بەكاردەهێنین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی."
لەگەڵ كەوتنەوەی ئەو ئاگرە، رەشەبایەكی بەهێز لە سنووری شاری سلێمانی هەڵیکردووە، كە هۆكارە بۆ زیاتر تەشەنەكردنی ئاگرەكە.