لەسەر داوای سەرۆک هۆزێکی هاوردەکان سوپای عێراق کارکردنی جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان رادەگرێت

 
رووداو - کەرکووک

هێزە عێراقییەکان لە سنووری سەرگەڕان جووتیارانی کوردیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ کارێک لەسەر زەوی و زارەکانیان نەکەن.
 
دەشتی دزەیی یەكێکە لەو جووتیارانەی بەو هۆیەوە دەبێت دەست لە کارکردن لەسەر دەیان دۆنم زەوی هەڵگرێت. کاتێک چوونەتە ماڵەکەی، خۆی لەوێ نەبووە هەر بە تەلەفۆن پێیان گوتووە کە نابێت هیچ کارێک بکات، ئەگینا تووشی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
 
دەشتی دزەیی، جووتیار دەڵێت، "منیان ئاگادارکردەوە بە تەلەفۆن، گوتیان بە هیچ جۆرێک نابێت هیچ بچێنیت و ئاودان بکەیت، مەڕەشەی رێکبخەیت، دەیانەوێت بێزارت بکەن. ئێستا گەر گەنمەشامییەکەیان بۆ بچێتە سەر و نەهێلن تۆو بکەین، ماوەیەکی دیکە ناهێڵن تۆوی دانەوێڵەش بکەیت."
 
دژی بڕیارەکە جووتیاران لە گوندی پەڵکانە گردبوونەوە، بۆ رێگری لە گردبوونەوەکە و رووماڵی میدیایی، هێزێکی سوپای عێراق گەیشتنە شوێنی گردبوونەوەکە و بە جووتیارەکانیان راگەیاند، "ئەوان تەنیا فەرمانی سەرووی خۆیان لە فیرقە و فەرماندەیی و پارێزگای کەرکووک جێبەجێ دەکەن."
 
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیاران لە سنووری سەرگەڕان دەڵێت، "من زۆرم پێ سەیرە، سوپا چ پەیوەندیی بە کشتوکاڵەوە هەیە؟ وەزارەتی کشتوکاڵ و پۆلیس و دادگە هەیە، گەر من سەرپێچییەکم هەیە ئەوە پۆلیسە سکاڵا بکەن."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژێک بەر لە دەرکردنی بڕیارەکە، عەلی حەواس، سەرۆک هۆزی هاوردەکان لەگەڵ فەرماندەی هێزە سەربازییەکە کۆبووەتەوە و بڕیاری قەدەخەی کارکردنی جووتیارانیش لەسەر داواکاری هاوردەکان بووە.
 
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، پشت ئەستوور بە نووسراوێکی ماددەی 140 کە دەرکەوت هاوردەکانی گوندی پەلکانە قەرەبوویان وەرگرتووە، گرێبەستەکانیان لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکەوە هەڵوەشایەوە و مافیان بەسەر زەویی ئەو ناوچەیەوە نەماوە.
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "بێگومان قەرەبووکراوەکان کە قەرەبوویان وەرگرتووە، هی زەوی و کەرەستەکانیان، گەر بەڵێننامەی یاساییان هەبێت کە مافیان بەسەریەوە نەمابێت، بگاتە فەرمانگەی کشتوکاڵ لێرە دیاری دەکرێت و گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت، ئەم حاڵەتە هەیە لە زەوییەکانی سەرگەڕان و پەلکانە و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کەرکووک."
 
لە ساڵی2017وە هەر بە پشتیوانیی هێزە عێراقییەکان، ئەو هاوردانەی لە ساڵی 2003 هەڵاتبوون، گەڕێندرانەوە؛ ئێستا نزیکەی 13 ماڵیان لەنێو گوندەکەن و لەسەر خانوو و ماڵی کوردانن.