لە شنۆ حەوت هاونیشتمانی لە لایەن ئیتڵاعاتەوە دەستگیردەکرێن


رووداو-هەولێر

لە شنۆ حەوت هاونیشتمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران و کەسوکاریان دەڵێن، تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە.
 
هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 13-07-2022 لە گوندی بێمزورتێی شنۆ، سێ هاونیشتمانییان بە ناوەکانی "مەلا محەممەد تەهازادە، فەرحان ئیبراهیمی، عەبدولڕەحمان سادقی" دەستگیرکرد. هاوکات چوار کەسی دیکەشیان دەستگیرکرد کە خەڵکی گوندی سینگانیشن بە ناوەکانی "فەرهەنگ و سیامەت کەرامەتی، پیرۆت تابناک و خۆشناو عەینی".
 
کەسێکی نزیک لە دوو کەسە دەستگیرکراوەکەی شنۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی ئیتڵاعات هەڵسوکوتی تووندوتیژانەیان لەگەڵدا کردوون و هۆکاری دەستبەسەرکردنیانی رووننەکردووەتەوە و دیار نییە لە شنۆ ماون یان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، شەوی رابردوو بە بۆنەی ساڵیادی تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملو، لە بڵندگۆی مزگەوتی گوندی بێمزورتێی شنۆ، دەنگی د. قاسملو بڵاوکراوەتەوە و ئەو کەسانەی لەو گوندە دەستبەسەرکراون پێشنوێژ، ئەندامی ئەنجوومەن و موختاری گوندەکەن.