نزیکەی دوو هەزار دەروێش هاتن و 793 کەسیان گەڕانەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی ئەو دەروێشانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد کەسنەزانی سنووریان بەزاند و هاتنە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوە. سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری باشماخیش دەڵێت: ژمارەیان 793 کەس بوو و بە گرتنەبەری رێکاری پێویست گەڕێنرانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەو دەروێشانە رۆژی شەممە 11-07-2020 لەڕێگەی دەروازەی باشماخەوە لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕێنراونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
پێشتر مەزەندە دەکرا کە ژمارەی ئەو دەروێشانەی لەڕێگەی دەروازەی باشماخەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار کەس دەبن. بەڵام لیوا مەریوان شێخ کەمال قەرەداغی، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووریی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو دەروێشانە 793 کەس بووە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی دەروازە سنوورییەکە رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتەوە، پرۆسەکەش بەبێ کێشە بەڕێوەچوو، لە دیوی ئێرانەوە پاسیان بۆ ئامادەکرابوو و رەوانەی شارەکانیان کرانەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2020، ئەو دەروێش و موریدانەی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە شارەکانی مەریوان، سەقز، سنە، بانە و چەند شارێکی دیکەی سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەبێ پشکنینی کۆرۆنا و پاسپۆرت بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی رێبەرەکەیان بکەن لە سلێمانی هاتبوونە نێو هەرێمی کوردستان. لە دیوی ئێرانەوە تەقەیان لێکرا و بەگوتەی بەرپرسانی دەروازەی سنووریی باشماخ شەش دەروێش بریندار کران.
 
بەڵام تاوەکو ئێستا نزیكەی هەشت هەزار دەروێش لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە سلێمانی و بەشێكی زۆریان چوونەتە تەكیەی گەورەی شێخ محەممەدی كەسنەزانی بۆ بەشداریكردن لە پرسە و رێوڕەسمی بە خاكسپاردنیدا.
 
رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دواییكرد. رۆژی 10ی تەممووزی 2020 تەرمەکەی بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە دەروێشەکانی، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان و لە تەکیەکەی خۆیدا بەخاکسپێردرا.