شایستە داراییەکانی مانگی ئاداری وانەبێژان دابەشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

شایستە داراییەکانی وانەبێژان لە سەرجەم پەروەردەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت هەوڵدەدەن ئەمڕۆ زۆرترین پەروەردە شایستە داراییەکانی وانەبێژان وەربگرن.
 
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی، شایستە داراییەکانی مانگی ئاداری ئەمساڵی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکەن، پەروەردەکانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، چەمچەماڵ، هەڵەبجە و سەیدسادق رایانگەیاندووە دابەشی دەکەن، بڕیارە ئەوانی دیکەش دابەشی بکەن."
 
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، گوتی "لەسەر هێڵین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی بۆ ئەوەی زۆرترین پەروەردە ئەمڕۆ شایستە داراییەکانیان دابەشبکەن، لەنێویشیاندا پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش هەن."
 
بە گوتەی نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ تاوەکو رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، پێش جەژنی قوربان کە یەکشەممە دەکات شایستەی دارایی سەرجەم وانەبێژان دابەشبکرێت.
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزارە، بودجەی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە.
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.