رووداو دیجیتاڵ
کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ جارێکى دیکە و لێکۆڵینەوە لە شیاویان پێویستى بە نزیکەى یەک مانگە، بەگوتەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، ئەو لیستانەى پێشتر ناوەکانیان رادەست کردووە، دەتوانن گۆڕانکاری لە بەربژێرانیاندا بکەن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024) ماوەى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانیێتی و بەربژێرانى کۆتا و سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆتایی دێت.
قۆناخى داهاتوو بۆ ئامادەکاریى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى ناوى بەربژێرى لیستەکان دەبێت، هەرچەندە پێشتر ئەو ناوتۆمارکردنە کرا و لێکۆڵینەوەش لە شیاویی بەربژێران کرا، بەبێ لیستى بەربژێرانى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێشکێش نەکرابوو.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى ناوى بەربژێرانى لیستەکان بەهەمان رێنمایی پێشوو دەبێت، دوو هەفتە بۆ تۆمارکردن و 15 رۆژیش بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیانە."
لێکۆڵینەوە لە دۆسییەى بەربژێران لەلایەن هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان و، دەستەى دەستپاکیی هەردوولا و دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراق دەبێت.
عیماد جەمیل گوتى "ئەو لیستانەى پێشتر ناوى بەربژێرانیان پێشکێش کردووە، دەتوانن لەو ماوەیەدا ناوى بەربژێرانى پێشوویان بگۆڕن، بەڵام بەربژێرە نوێیەکە دەبێت لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەى بکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت کە شیاوە."
ئەو گۆڕانکارییە لە تۆمارى ناوى بەربژێران و لیستەکان لەدواى ئەوە بوو؛ 20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەوەش ژمارەى کورسیی گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە.
لە سنوورى سلێمانى و هەولێر، بۆ کریستیان و تورکمان بۆ هەر یەکێکیان دوو کورسی و لە دهۆکیش یەک کورسى بۆ کۆتاى ئەرمەن دیاری کرا.
هەر پارت و هاوپەیمانیێتیێکى بەشداربوو لە هەڵبژاردن، دەتوانێت دوو ئەوەندەى ژمارەى کورسیی ئەو بازنەیەى بەشدار دەبێت تێیدا، بەربژێر تۆمار بکات، بەڵام کەمکردنەوەى دوو کورسیی گشتى لە سلێمانى و هەولێر و کورسییەک لە دهۆک، گۆڕانکاریى لەو لیستى بەربژێرانە دەکات کە پێشتر تۆمار کراون.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "هەر پارت و هاوپەیمانیێتیێک لە سلێمانى و هەولێر کە دوو ئەوەندەى ژمارە کورسییەکان ناوى بەربژێرانیان تۆمار کردووە، دەبێت یەکى چوار بەربژێر کەم بکەنەوە، لە دهۆکیش دوو بەربژێر کەم دەکرێنەوە."
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان سەرپشک دەبن لەوەى ناوى ئەو بەربژێرانە لابدەن، کە دەبێت کەمی بکەنەوە، ئەگەرنا کۆمیسیۆن لە سلێمانى و هەولێر چوار بەربژێرى ریزبەندى کۆتایی، لە دهۆکیش دوو بەربژێرى کۆتایی لیستەکە لادەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ