راپۆرتێکی ئەورووپی: لە 13 ساڵدا 50٪ـی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان ئاوارە یان کۆچبەر بوونە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تواناسازیی لە رێگەی ئاوێتەکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان، لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لەبارەی کۆچکردن و تەعریب لە رۆژئاوای کوردستان ئامادە کردووە، بەگوێرەی راپۆرتەکە لە 13 ساڵی رابردوودا نزیکەی نیوەی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕ و هەڕەشەکانەوە ئاوارە بوون، یان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.  
 
هەڵاتن و تەعریب، ناونیشانی لێکۆڵینەوەکەیە بە هاوبەشی لەلایەن سیامەند حاجۆ و ئیڤا سافیلسبرگ ئامادە کراوە. خەرجی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دابینکراوە.
 
لەو لێکۆڵینەوەیەدا ژمارەی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2010 واتە ساڵێک بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا بە ساڵی 2023 بەراوردکراوە. بەپێی بەراوردکاریییەکە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوا بوون، هەروەها عەرەب و تورکمانی زۆریش هێنراونەتە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
 
زیاتر لە 50٪ـی دانیشتووانی رۆژئاوا ئاوارە و کۆچبەر بوون
 
ئەو شوێنانەی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە، ساڵی 2010 کۆی ژمارەی دانیشتووانیان 1,187,161 کەس بووە. لە ساڵی 2010-2023: 695,473 کەس کۆچبەر بوونە واتە (%54,03)ی دانیشتووانی ناوچەکە. لەو ژمارەیە  145,812 کەس ئاوارە بوون و 549,661 کە دەکاتە (%42,70) ئەوانەی لە زێدی خۆیان نەماون، چوونەتە دەرەوەی وڵات.
 
لەو ماوەیەدا 434,224 عەرەب و تورکمانی هاوردە هاتوونەتە ئەو ناوچانەی لێکۆڵینەوەکەیان تێدا کراوە. هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو جگە لە هاوردەکان 491,688 کەس لەو ناوچانە ماون.
 
بەگوێرەی سەرژمێریییەکانی حکومەتی سووریا لە ساڵی 2010دا 879,854 کەس لە کۆبانی، حەسەکە، قامشلۆ، عامودێ، دربێسی، دێرک، تربەسپی، سەری کانی و جندرێس، شیێ و راجۆ و شەڕا و تەلتەمەر دەژیان، بەڵام تاوەکو ساڵی رابردوو 463,539 کەس ئەو ناوچەیان جێهێشتووە، کە 398,101ـیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.
 
لەو لێکۆڵینەوەیەدا رووپێوی بۆ 888 گوند کراوە، کە 503ـیان گوندی کوردین، 287ـیان گوندی عەرەبین و 36 گوندیش دانیشتووانەکەیان ئاشوورین. 
 
تاوەکو ساڵی 2010، بە گوێرەی سەرژمێریی حکومەتی سووریا 171,199 کەس لەو 503 گوندە کوردییانە ژیاون، بەڵام لە ماوەی 2010-2023ـدا 101,812 کەس کۆچبەر بوون، واتە (%59,47)ـی دانیشتووانی ئەو گوندانە. لەو ژمارەیەش 36,829 ئاوارە بوون و 64,983 چوونەتە دەرەوەی وڵات واتە (%37,96).
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، جگە لە هاوردەکان 69,387 کەس لەو گوندانە ماون.  
 
هەڵاتن و تەعریب لە قامشلۆ
 
بەپێی دوایین سەرژمێری حکومەتی سووریا (لە ساڵی 2010 کراوە)، ژمارەی دانیشتووانی شاری قامشلۆ 464,336 کەس بووە، بەڵام لە ماوەی 13 ساڵدا ژمارەی دانیشووانی بۆ 233,472 کەمبووەتەوە، لەو ماوەیەدا 2430 کەس ئاوارە بوون و 229,434 چوونەتە دەرەوەی وڵات. بۆ یەکەم جاریش 112,178 هاوردە نیشتەجێکراون.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن لە قامشلو شەڕ نییە، چونکە ناوچەکە تاڕاددەیەک دووربووە لە ململانێکان، بەڵکو هۆکاری کۆچکردنە زۆرتر ئابووری بووە.
 
ژمارەی ئەو گوندە کوردیانەی سەر بە قامشلو رووپێویان بۆ کراوە، 28 گوندن. ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتووانیان 6,807 کەس بووە. لە ساڵی 2010-2023دا 3,333 کەسیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و 54 کەسیشیان ئاوارە بوون. 116 عەرەبی هاوردە لەو گوندانە نیشتەجێکراون، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ئەو گوندە بۆ نیوە کەمبووەتەوە و جگە لە هاوردەکان 3,420 کەس ماون.

کۆبانێ و گوندەکانی
 
تاوەکو ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتووانی کۆبانێ 44,821 کەس بوو. لە ساڵی 2010-2023دا 13,020 کەس ئاوارە بوونە و 19,455 کەسیش چوونەتە دەرەوەی وڵات. هەر لەو ماوەیەدا 11,850 هاوردە نیشتەجێکراون. ئێستا جگە لە هاوردەکان تەنیا 12,346 کورد لە کۆبانێ ماون.
 
سەبارەت بە گوندەکانی کۆبانێش کە ژمارەیان 23 گوند بووە. ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتووانیان 15,756 کەس ساڵی 2010-2023، 4,621 کەس ئاوارە بوونە و 6,261 چوونەتە دەرەوەی وڵات. بەپێی ئامارەکان تاوەکو ساڵی رابردوو جگە لە هاوردەکان 4,874 کەس لەو گوندانە ماون.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکە 69٪ـی دانیشتووانی گوندە کوردییەکانی کۆبانێ زێدی خۆیان جێهێشتووە، لە بەرامبەردا 76٪ی عەرەبە گوندنشینەکانی کۆبانێ زێدی خۆیان جێهێشتووە. لێکۆڵەران دەڵێن شەڕ و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنەکەیە.
 
جندرێس و گوندەکانی
 
لە ساڵی 2010 لە شاری جندرێس 13,661 کەس دەژیان، ئەو شارەش بەدەر نەبووە لە کاریگەرییەکانی شەڕ، لەو شارەدا لە 13 ساڵی رابردوودا 5,700 دانیشتووی شارەکە ئاوارە بوونە و 4,900یان چوونەتە دەرەوەی وڵات. 
 
هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، جندرێسیش بەر شاڵاوی تەعریب کەوتووە و 23,450 هاوردەی لێ نیشتەجێکراوە. بەپێی ئامارەکان جگە لە هاوردەکان ساڵی رابردوو 3,061 کەس لەو شارەدا ماون.
 
سەبارەت بە گوندە کوردییەکانی جندرێسیش، کە ژمارەیان 33 گوندە، بەپێی دوایین ئامار لە ساڵی 2010دا 9,286 کەسیان تێدا ژیاوە. لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا و لە 13 ساڵی رابردوودا 8,021 کەس لەو گوندانە ئاوارە بوون و 5,334 کەسیش چوونەتە دەرەوەی وڵات. 18,553 کەسی هاوردە لەو گوندانە نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو جگە لە ئاوارەکان 5,822 کەس لەو گوندانە ماون.
 
پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، زۆربەی دانیشتووانی عەفرین، کە جندرێس بەشێکە لێی، کورد بوون و تەنیا 2٪ی عەرەب بوون. بەڵام دوای هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی 2018 ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی عەفرین و جندرێس ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن.
 
حەسەکە و گوندەکانی
 
ژمارەی دانیشتووانی حەسەکە لە ساڵی 2010دا 178،408 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 17،109 کەس ئاوارە بوون و 72،553 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەدا 122،843 هاوردە لە حەسەکە نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی حەسەکە بەبێ هاوردەکان 88،925 کەس بووە.
 
سەبارەت بە گوندە کوردییەکانی حەسەکە، کە ژمارەیان 18 گوندە، پێش شەڕ کۆی ژمارەی دانیشتووانیان 4،632 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 881 کەس لەو گوندانە ئاوارە بوون و 1،518 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەیەدا 211 هاوردە لە گوندەواری حەسەکە نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی گوندەکانی حەسەکە بەبێ هاوردەکان 2،233 کەس بووە.
 
سەرێکانی و گوندەکانی 
 
ژمارەی دانیشتووانی سەرێکانی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010، 28,425 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 12،325 کەس ئاوارە بوون و 7،800 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەدا 13,160 هاوردە لە سەرێکانی نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی سەرێ کانی بەبێ هاوردەکان 8,300 کەس بووە.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی سەرێکانی 15 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 4،749 کەس بووە، دوای شەڕ 1،746 گوندنشین ئاوارە بوون، 1508ـیشیان چوونەتە دەرەوە، 674 هاوردە لە گوندەکانی سەرێکانی نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو 1،495 کەس لەو گوندانە ماون.
 
تل تەمر و گوندەکانی
 
لە ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتووانی تل تەمر 19,468 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 3،883 کەس ئاوارە بوون و 8,750 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەدا 3،475 هاوردە لە تل تەمر نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی تل تەمر بەبێ هاوردەکان 6,839 کەس بووە.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی تل تەمر 9 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 2,029 کەس بووە، دوای شەڕ 892 گوندنشین ئاوارە بوون، 725ـیشیان چوونەتە دەرەوە، 111 هاوردە لە گوندەکانی تل تەمر نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو تەنیا 412 کەس لە گوندەکانی تل تەمر مابوون.
 
تربەسپی و گوندەکانی
 
لە ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتووانی ترپەسپی 11,064 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 500 کەس ئاوارە بوون و 4,560 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەدا 5,788 کەسی هاوردە لە ترپەسپی نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی ترپەسپی بەبێ هاوردەکان 6,004 کەس بووە.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی تربەسپی 38 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 7,932 کەس بووە، دوای شەڕ 203 گوندنشین ئاوارە بوون، 3,599ـیشیان چوونەتە دەرەوە، بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکە هیچ هاوردەیەک لە گوندەکانی تربەسپی نیشتەجێ نەکراوە. ساڵی رابردوو تەنیا 4,113 کەس لە گوندەکانی تربەسپی مابوون.
 
دربەسیێ و گوندەکانی
 
ژمارەی دانیشتووانی دربەسیێ بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2010ـی حکومەتی سووریا، 21,000 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 877 کەس ئاوارە بوون و، 9,463 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەیەدا 8,750 هاوردە لە دربەسیێ نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی دربەسیێ بەبێ هاوردەکان بۆ نیوە کەمبووەتەوە و 10,660 کەس لە شارەکەدا مابوون.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی دربەسیێ 78 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 12,782 کەس بووە، دوای شەڕ 1,379 گوندنشین ئاوارە بوون، 5,872یشیان چوونەتە دەرەوە، 1,806 هاوردە لە گوندەکانی دربەسیێ نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو 6,842 کەس لە گوندەکانی دربەسیێ ماون.
 
دێرک و گوندەکانی
 
ژمارەی دانیشتووانی دێرک بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010ی حکومەتی سووریا 51,923 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 3,792 کەس لەو شارە ئاوارە بوون و 22,216 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەیەدا 7,900 هاوردە لە دێرک نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بەبێ هاوردەکان بۆ 25,915 کەس کەمبووەتەوە.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی دێرک 82 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 24,993 کەس بووە، دوای شەڕ 1,391 گوندنشین ئاوارە بوون، 19,907یشیان چوونەتە دەرەوە، 423 هاوردە لە گوندەکانی شارەکە نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو تەنیا 21,695 کەس لە گوندەکانی دێرک مابوون.
 
عامودێ و گوندەکانی
 
ژمارەی دانیشتووانی عامودێ بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010ـی حکومەتی سووریا 35,967 کەس بووە، لە 13 ساڵی رابردوودا 1,595 کەس لەو شارە ئاوارە بوون و 15,988 کەس چوونەتە دەرەوە. هەر لەو ماوەیەدا 15,218 هاوردە لە عامودێ نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بەبێ هاوردەکان بۆ 18,384 کەس کەمبووەتەوە.
 
ژمارەی گوندە کوردییەکانی عامودێ 91 گوندن، ژمارەی دانیشتووانیان لە ساڵی 2010دا 13,536 کەس بووە، دوای شەڕ 1,059 گوندنشین ئاوارە بوون، 5,774یشیان چوونەتە دەرەوە، 2,774 هاوردە لە گوندەکانی شارەکە نیشتەجێکراون. ساڵی رابردوو تەنیا 6,703 کەس لە گوندەکانی عامودێ مابوون.
 
کوردی رۆژئاوا بۆ کۆچ دەکەن؟
 
ئامادەکارەکانی راپۆرتەکە گەیشتووتەنە ئەو ئەنجامەی، کۆچکردن لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان جیاوازە.
لە قامشلۆ هۆکاری سەرەکی کۆچکردن سیاسەتەکانی ئیدارەی خۆسەر یان پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بووە. بەڵام لە گوندەکانی کۆبانێ هۆکاری سەرەکی کۆچکردن بەهۆی داعشەوە بووە، هەرچی دانیشتووانی جندرێسن هۆکاری سەرەکی کۆچکردنیان هێرشی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بووە بە پاڵپشتی تورکیا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: قەتەر و کوێت لە تەعریب بەشدارن
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، بەشداریی مانگی سووری قەتەری و هەندێک دامەزراوەی کوێتی لە "گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیای عەفرین" سەرکۆنە دەکات و، وەک "کارێکی دەرەوەی ئەخلاق" پێناسەی دەکات و دەڵێت: "پێویستە دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی دروست بکرێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باس لە بەشداریی هەندێک دامودەزگەی وڵاتانی ناوچەکە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر خەڵکی رەسەنی عەفرین و گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیای ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بە تووندی سەرکۆنەیان دەکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت "لەنێو ئەو دامەزراوانەدا مانگی سووری قەتەر هەیە، کە بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە پاڵپشتی لە دانیشتوانی عەفرین دەکات. هەروەها دامەزراوەی کوێتیش هەن. ئەم کارە کارێکی دەرەوەی ئەخلاقییە و لە دەرەوەی سرووشتی مانگی سوور و پێوەرە دانپێدانراوەکانە. چونکە دامەزراوەیەکی مرۆییە و پەیوەندیی بە کاری هاوکارییەوە هەیە. دەوڵەتی قەتەر بەرپرسیارە لەم کارە، چونکە ئەوەی دەکرێت بەبێ رەزامەندیی فەرمیی حکومەت ناکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکات دەستبەجێ لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت. هەروەها لایەنە نێودەوڵەتی و یاساییەکان دەرفەت بە دامودەزگاکانی پەیوەست بە یارمەتییە مرۆییەکان نەدەن بەشداری لە پرۆژە سیاسییەکاندا بکەن؛ وەک مانگی سووری قەتەر.
 
مانگی سووری قەتەری بەمدواییە رایگەیاندووە، بە هاوکاریی تورکیا 13 باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە باکووری سووریا و هەرێمی عەفرین بۆ ئاوارەکانی سووریا دروستکراون.