بەغدا 26 ملیار دینار شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 68 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و 26 ملیار دیناریش نێردراوە.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (13-6-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 68 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، پرۆسەی وەرگرتن بێ هیچ گرفتێک بەردەوامە.
سەبارەت بە شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە گوتی "تاوەکو ئێستا 26 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بۆ یەک بە یەکی جووتیاران خەرج دەکرێ."
هەروەها راشیگەیاند، بە کۆی گشتی، تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و 670 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەرگیراوە و، پرۆسەی وەرگرتنیش بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە 12-06-2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان تاوەکو 45 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئێستا لە هەفتەی یەکەمی وەرگرتنەکەدایە."
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو، 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.