بەرەی تورکمانی لە هەولێر و سلێمانی بە دوو شێواز بەشداریی هەڵبژاردن دەکات

13-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەی تورکمانی لە هەولێر بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتای تورکمان بەشداری ناکات. لە سلێمانی لە چوارچێوەی کورسیی پێکهاتەکان بەشداری دەکات. سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە خوولی پێنجەمی پەرلەمان دەڵێت: "لە هەولێر زیاتر لە کورسییەک بەدەستدەهێنین."
 
هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەی تورکمانی لە دوو پارێزگا، واتە دوو بازنە، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام بەشێوازی جیاواز."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی گوتی: "لە پارێزگای سلێمانی کە یەک کورسیی پێکهاتەکان بۆ تورکمان تەرخانکراوە، ئێمە لە چوارچێوەی ئەو کورسییە رکابەرایەتی و بەشداریی دەکەین، بەڵام بۆ هەولێر وەکو لیست و حیزبێک هاوشێوەی پارتە کوردییەکان بەشداری دەکەین، نەوەک وەکو کورسیی پێکهاتەی تورکمان."
 
هیمداد سەباح پێیوایە تەرخانکردنی یەک کورسیی کۆتا بۆ تورکمان لە هەولێر کەمە و "قبوڵکراو نییە". دەشڵێت "ژمارەی تورکمان لەو شارە زۆر زیاترە و قەبارەکە گەورەترە، ئێمە زیاد لە کورسییەک دەهێنین."
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.
 
پێکهاتەکانی تورکمان دوو کورسی لە هەولێر و سلێمانی، کلدان سریان ئاشووری دوو کورسی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ئەرمەن کورسییەک لە دهۆکیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ تەرخانکراوە.
 
ئێستا بۆ وادەی نوێ کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە پێشنیازیکردبوو مانگ ئەیلوول هەڵبژاردن بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە