رووداو دیجیتاڵ
دەنگێکی بەهێز لە سنووری چەند گوندێکی پارێزگای سلێمانی بیسترا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوای دەنگەکە ئاگر کەوتوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراوە.
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رۆژی پێنج شەممە، 13-6-2024 رایگەیاند، دەوروبەری کاژێر 7:00ی ئێوارە دەنگێکی بەهێز لە نزیک گوندەکانی عەزیزئاوا، هەزار مێرد و دێکۆن لە پشت گەڕەکی بەکرەجۆ و ماجیدی مۆڵ بیستراوە و دەنگەکە هێندە بەهێز بووە لە چەند گەڕەکێکی سلێمانیش بیستراوە.
نزار جەزا لە گوندی هەزار مێردەوە لە کۆڕۆژدا بەشدار بوو و گوتی، دوای دەنگەکە چەند ئاگرێک کەوتوونەتەوە، بەڵام هەر زوو لە لایەن هاونیشتمانیانەوە کوژێنراونەتەوە.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان چووبوونە ناوچەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و رایانگەیاندووە، دواتر ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
یەکێک لە هاونیشتمانیانی گوندەکە بە ناوی گۆران بە نزار جەزای گوت: "دەنگێکی زۆر زۆر بەرز بیسترا. هاتمە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم بگۆڕ تەقیوە یان چی بووە. هیچ شتێکم بەدی نەکرد. گوتیان ئاگر کەوتوەتەوە. ویستم بچم یارمەتیدەر بم بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە خوارەوە، بینیم لێرەش ئاگر کەوتوەتەوە و دووكەڵ بەرز دەبێتەوە. هەردوو ئاگرەکەمان کوژاندەوە".
زوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە درۆن کەوتوەتە خوارەوە، بەڵام ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، هیچ درۆنێکیان نەبینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ