رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی پێنج بەدواوە، دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان تەنیا بە تەنکەر دەتوانن ئاوی خواردنەوەیان دەست بکەوێ. گەڕەکەکە ساڵانێکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت.
مام رەشید هەموو دوو تەنکەر یان زیاتر ئاوی خواردنەوە بە پازدە هەزار دینار دەکڕێت.
رەشید سابیر، دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت: "بەو هاوینە گەرمە خەڵک خۆی دەشوات، ئاو نییە، ئاوی خواردنەوە نییە. ئەوە دۆخی ئێمەیە، هەر دوو رۆژ سێ رۆژ جارێک دەبێت تەنکەرێک ئاو بکڕین. دۆخی هەموو ماڵێک وایە، ئێستا لە گەڕەکەکە بگەڕێ، هەمووی وا تەنکەر دێ و دەڕوا، بەرناکەوێ."
ژمارەیەک لە پیاوانی گەڕەکەکە کۆبوونەتەوە لەپێناو دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کێشەکەیان. ئەوان دەڵێن، تائێستا بەڵێنی زۆریان پێدراوە، بەڵام هیچی جێبەجێ نەکراوە.
سەفوان ناسر، دانیشتووی گەڕەکی کوردستان دەڵێت: "لە مانگی پێنج و شەش و حەوتەوە، تا هەشتیش وایە، لە مانگی نۆ چاک دەبێت. ئەڵێن ئەو ماتۆرە لاوازە و هەموو جارێک ئەمە بەڵگەی دەمیانە."
کامیل محەممەد، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت: "هەموو ساڵێک لە مانگی پێنجەوە ئەوە دۆخمانە، تاوەکو مانگی هەشت. چوار ساڵە لێرەم، وا بووە."
هێمن سەباحیش، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "هەر چوار دەورمان ئاویان هەیە. بەڵام ئەم ناوچەیە نییەتی."
حەیات مەجید، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت: "ئاومان نییە، کتوپڕە. دێت و دەبڕدرێت، ژیانمان نییە، دۆخمان خراپە، مووچەمان نییە."
کێشەی کەم ئاوی لە گەڕەکی کوردستان لەکاتێکدایە خەڵک چەندین رێگایان تاقیکردووەتەوە، بەڵام بێ سوودە
ئیدارەی کەرکووک و لایەنی بەرپرس دەڵێن، کێشەی کەم ئاوی لە شارەکەدا نییە. ئەوەی هەیە پەیوەستە بە کێشەی کارەبای تۆڕەکان، بەڵام بە تەواوکردنی دوو پڕۆژەی گەورەی ئاو هیچ کێشەیەکی لەو جۆرەش نامێنێ.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "بەهۆی کارکردنەوە دەبێ کارەباکە ببڕێت و بۆیە کاریگەری لەسەر پڕۆژەکانی ئاو دەبێت، ئەمە کێشەی گەورەی بۆ دروستکردووین. دەیانوەستێنین بۆ ماوەیەک و دواتر دەکەوێتەوە کار.. ئەمە شڵەژان و خراپ بەڕێوەبردنی ئاوی دروستکردووە بۆ دابەشکردنی ئاو. بۆیە دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کەرکووک کە پشکی ئاویان گەرەنتی کراوە."
کەرکووک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دوو پڕۆژەی هەیە کە ئاو لە زێی بچووکەوە دەگەیێنێتە کەیوەن و لەوێشەوە بۆ شارەکە، لەهەردوو پڕۆژەکەوە گەر کێشەی نەبێت 30 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێکدا دەگەیێننە گەڕەکەکان
جیا لەوەش بۆ ژمارەیەک گەڕەک بیر لێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ