عێراق دان بە زانکۆی چەرموودا دەنێت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق دان بە زانکۆی چەرموودا دەنێت. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، هەنگاوەکە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت.
 
د.‌ هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو لە قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق دانی بە زانکۆکەی ئێمەدا نا وەک زانکۆیەکی حکومی، ئەوەش زۆر لایەنی ئەرێنیی دەبێت". 
 
بە گوتەی د. هەڵەت رەشید، جگە لەوەی خوێندکارانی زانکۆکە، ئیدی لە زانکۆکانی دیکەی عێراق دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، مامۆستایانی زانکۆکەکەش دەتوانن لە زانکۆکانی دیکەی عێراق وانە بڵێنەوە و گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆراش لە زانکۆکانی دیکەی عێراق بکەن. 
 
زانکۆى چەرموو یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە 27 لە 19-10-2014 دامەزرا. زانکۆکە نزیکەی 2000 هەزار خوێندکار و 515 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە.
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی حوزەیران بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناردووە، دانپێدانانی وەزارەتەکەی بە زانکۆکە تێدا روونکراوەتەوە.
 
سەرۆکی زانکۆی چەرموو گوتی، ئەو دانپێدانانە کاریگەری لەسەر ئەو ئۆفەر و چالاکییانەش دەبێت کە تایبەتن بە عێراق لەبواری خوێندنی باڵادا، جگە لەوەی کاریگەری لەسەر وەرگرتنی خوێندکارانیان لە زانکۆکانی دەرەوە و پەیوەندیی نێوان زانکۆکان و چوونە نێو لیستی رانکینگەوە دەبێت.