کێشەی کەمئاوی لە ئیلام سەرهەڵدەداتەوە

13-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کێشەی کەمئاوی لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوەتەوە و رۆژانە لە بەشێکی گەڕەکەکانی ئەو شارە ئاو دەبڕدرێت. هەندێک گەڕەکیش چەند رۆژە بێ ئاون. پارێزگاری ئیلام مۆڵەتی 48 کاژێر دەداتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگاکە کێشەکە چارەسەر بکات.
 
سەعید هەژبەری، جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ئەم ساڵ لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرمادا شاری ئیلام رووبەڕووی کێشەیەکی جیدی کەمئاوی بووەتەوە و بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شارەکە بێ ئاون.
 
سەعید هەژبەری گوتی، گەڕەکەکانی بانبەرز، حیکمەت، شارەوانی، نەماز، پشت زانکۆی باختەر و چەندین شوێنی دیکە لە ناوەندی شاری ئیلام تووشی کێشەی کەمئاوی بوون. 
 
سەعید هەژبەری ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئاو و ئاوەڕۆی ئیلام و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆبوونەوەیەک لە باڵەخانەی پارێزگای ئیلام بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە بەڕێوەچووە.
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە شاری ئیلام و شار و شارۆچکەکانی دیکەی پارێزگاکە کراوەتەوە و مۆڵەتی 48 کاژێر دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات. 
 
هاوکات، محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئیلام رایگەیاند، بەشێکی زۆری بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو لە نێو شاری ئیلام کۆنن؛ هەربۆیە ئاوێکی زۆر لێ دەروات.
 
محەممەد محەممەدی گوتی، تۆڕی دابەشکردنی ئاویش لە ئیلام بە گوێرەی گەشەکردنی شارەکە نییە.
 
ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی شاری ئیلام لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە دابین دەکرێت کە بریتین لە بەنداوی ئیلام، بەنداوی گول گول مەلیکشا و بیرەکانی ئاو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە