رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە سێ گەنجی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بێسەروشوێن بوون. هێزە ئەمنییەکان لەوبارەوە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
ئەو سێ گەنجە دانیشتووی گوندی سیتەی کۆمەڵگەی سیریێ-ی سەر بە ناحیەی شێلادزێ-ن؛ لە کاژێر 10:00ـی شەوی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانەوە لە ماڵ دەرچوون و نەگەڕاونەتەوە.
زێلان عادل، ئامۆزای ئەو گەنجانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ رۆژە نازانین لەکوێن، بە ئۆتۆمبێل رۆیشتوون و دیار نەماون."
ناوی ئەو سێ گەنجانە (هێمن تەیمەز بەیاز تەنەن، دیار نەزمی عومەر، سەفین عەلی ئیسماعیل)ـە.
رووداو زانیویەتی کە تەمەنی ئەو گەنجانە لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵە و سەفین عەلی، کە یەکێکە لەو گەنجانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
لایەنە ئەمنییەکان و کەسوکاری ئەو گەنجانە لەگەڵ ئاسایش و پۆلیسی دهۆک و زاخۆ بەدوایاندا دەگەڕێن و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوایین جار لە کامێرای چاودێرییەوە لە کۆمەڵگەی قەدش-ی سەر بە قەزای ئامێدی بینراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ