رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند "ئاگرە گەورەکەی کۆگەکانی گوێڕ بەڕێژەی 100٪ کۆنترۆڵکرا و مەترسیی لەسەر پاڵاوگەکانی دەوروبەری شوێنەکە نییە."
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-6-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "150 ئەفسەر و کارمەندمان لە گشت بنکەکانی هەولێر و دەوروبەری، ئامادەبوون و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم، کاریان کردووە."
ئاگرەکە سەرەتا بەڕێژەی 80٪ کۆنترۆڵکراوە، ئەمە وەک شاخەوان سەعید گوتی "بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەو پاڵەپۆستەی هەبوو، بووە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بگوازرێتەوە و بۆ کۆگەی دووەم."
لە رووداوەکەدا 14 کارمەندی بەرگریی شارستانی زامداربوون، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند لە بریندارەکان "چواریان سووتاون، 10 کارمەندیش تووشی هەناسەتووندی بوون."
جگە لە زیانە گیانییەکان، چوار ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی سووتاون.
ئاگرەکە کە ئێستاش دووکەڵی بە ئاسماندا بەرزدەبێتەوە، بە گوتەی شاخەوان سەعید بە کەمتر لە 20 کاژێر کۆنترۆڵکرا.
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی 'ئایا ئەو شوێنە مۆڵەتی هەبووە؟' گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانی رایگەیاند "ئێمە، نازانین مۆڵەتی هەبووە یان نا، بەڵام هیچ مەرجێکی بەرگریی شارستانیی تێدا نەبووە."
لەبارەی زیانە مادییەکانیشەوە، گوتی "لیژنەیەک خەمڵاندن دەکەن و بە راپۆرتێک پێشکێشمانی دەکەن."
سەبارەت بە بریندارەکانی بەرگریی شارستانی، بە گوتەی گوتەبێژەکە "دوو بریندار نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و دووانیشیان حاڵەتەکەیان سەختە، ئەوانەی سووتاون دەمووچاو و دەستیان سووتاوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ