کۆمیسیۆن 12 رۆژ وادەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانیێتی و بەربژێرانی تاکەکەسی درێژکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ماوەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانیێتی و لیستەکانی تاکەکەسیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 12 رۆژی دیکە درێژکردەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانیێتی و بەربژێرانی تاکەسیی ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی و کوردستان بکەن، تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی رۆژی دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024 درێژکردەوە."
 
بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، وەرگرتنی لیستی بەربژێرانی ئەو پارت و هاوپەیمانیێتییانەی خۆیان تۆماردەکەن، دەکەوێتە دوای رۆژی دووشەممە، 24ـی ئەم مانگە.
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەوەش ژمارەى کورسی گشتیی لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.
 
هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 10ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام نەکرا و ئێستا بۆ وادەی نوێ، کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.