رووداو دیجیتاڵ
بەغدا جگە لە هێزە ئەمنییەکان، پارەى مووچەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی، وەزارەتى کارەبا و خانەنشینى سەربازیى بۆ مانگى ئایار نەناردووە، کە کۆی پارەکەیان زیاتر لە 80 ملیار دینارە. ئەمڕۆ دوایین رۆژى دەوامى فەرمى حکومەتى فیدڕاڵە و وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات لەو رۆژەى ماوە پارەکەى بەدەست بگات.
بەگوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ رووداو، لیستى مووچەى ئەو چوار شوێنە "هیچ کێشەیەکى لە بەغدا نەبووە" و وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى واژۆکردنى ناردنى پارەکەیانە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە.
13ى حوزەیران دوایین رۆژى دەوامى فەرمیی حکومەتى عێراقە بەر لە دەستپێکردنى پشووى جەژنى قوربان، بەگوێرەى زانیارییەکان دوایین هەوڵ لەلایەن وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت بۆ ئەوەى بەغدا پێنجشەممە پارەى ئەو شوێنانە بنێرێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "مانگەکانى پێشوو لیستى مووچەى ئەو شوێنانە هێچ کێشەیەکى نەبووە و لەگەڵ پارەى مووچەى فەرمانبەرانى دیکە نێردراوە".
لە لیستى دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایار تەنیا خانەنشینى سەربازى تێدا نییە، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ راگەیاندنى ئەو لیستى مووچەیەدا ئەوەى راگەیاندووە نەبوونى مووچەى خانەنشینى سەربازیى لە ناو لیستەکە بەهۆی نەگەیشتنی پارەکەیان بووە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، هەر کات گەیشتە دەستیان دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ زیاتر لە 450 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى ئایار رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، لە کاتێکدا تێکڕاى پارەى مووچەى مانگێک زیاتر لە 950 ملیار دینارە.
سروە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا زانیارییەکان بەو شێوەیەن کە مووچەى هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینى سەربازیى لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بەر لە جەژن بنێردرێت ئەگەر کێشەى بۆ دروست نەکرێت".
بە گوتەى ئەو پەرلەمانتارە بۆ مانگى ئایار لیستى ناوى مووچەى هێزە ئەمنییەکان بە کۆد دەبێت، بەڵام بۆ مانگى داهاتوو بە ناو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ