رووداو دیجیتاڵ
دوو کۆڵبەر لە دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کران.
هێزەکانی ئێران بەیانی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی رەحیم فەیزی، خەڵکی شاری بۆکان، بریندار بووە.
بەپێی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کۆڵبەرانە بەبێ ئەوەی ئاگاداربکرێنەوە راستەوخۆ تەقەیان لێکراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممە گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی بانە تەقەیان لێ کراوە و دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بۆکان و پیرانشار بریندار بوون.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێ لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کۆڵبەریی دەکەن.
حکومەتی ئێران هاتووچۆی کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکان بە نایاسایی دەزانێت. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2022ـدا 39 کۆڵبەر کوژراون و 195 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
حکومەتی ئێران لە ساڵی 2017ـوە بازاڕچە سنوورییەکانی داخستووە و کۆڵبەریی قەدەخە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ