رووداو دیجیتاڵ
لەم چەند رۆژەی دواییدا گەنجێک دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم ژیانی هاوژینی پێکهێنا، پرۆسەکەی بووە جێی باسوخواسی خەڵك و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە هاوژینی یەکەمی خۆی رەزامەندی داوە و هەموو کارەکانیشی بۆ رێکخستووە. پەیامنێری رووداو چووەتە ماڵی سیروان و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە.
ئەو خێزانە دانیشتووی سیدەکانن، هەردوو هاوژینی سیروان کێبڕكێیانە لەسەر خزمەتکردنی هاوژینەکەیان. هاوژینی یەکەمی کە ناوی زەهرایە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هاوژینی دووەمیشی کە ناوی ئەحلامە، خەڵکی هەولێرە.
زەهرا یوسف، هاوژینی یەکەمی سیروان بە رووداوی گوت، "بۆ ساڵۆن و جل کڕین و هەموو شت لەگەڵیدا بووم، پێکەوە چووین بۆ هەموو شتێک، بەڵام داوای یەک شتم لە سیروان کردووە کە بمنێرێتە حەج، دەبێت ئەوەشم هەر بۆ بکات."
ئەحلام رەشید، هاوژینی دووەمی سیروان باس لەوە دەکات، "گفتوگۆمان کرد لەگەڵ زەهرا و بەڵێنی خوشکایەتیمان بە یەکتری دا، دوایش پێمگوت گوێ بە قسەی خەڵک نەدەی، من و تۆ وەکو خوشک واین، سیروانیش تاقانەیە و وەکو چیا لە پشتی دەبین."
شەش رۆژ بەسەر ئاهەنگەکەی سیروان تێپەڕیوە، هەردوو هاوژینەکەی هەریەکە و قۆڵێکیان گرتووە و دەرفەتی چوونە دەرێیان لێی کەمکردووەتەوە.
سیروان خانۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو شەش رۆژە هەر لەو ماڵ بۆ ئەو ماڵ مەجالی چوونە دەرەوەم نییە، هەر لە ماڵەوەم و خەفەرم، دەبێت بچمە لای ئەو و بێمەوە لای ئەم، هەردوو چاوم یەک هی ئەوە و یەک هی ئەوی دیکە، زۆرم خۆشدەوێن و هەتا ماوم خزمەتیان دەکەم."
باوکی زاوا هاندەرێکی دیکەی کوڕەکەی بووە بۆ هێنانی هاوژینی دووەمی. خانۆ سدیق دەڵێت، "تەنیا باپیرم سێ خێزانی هەبووە، منیش لە سەرەتای گەنجیەتی دەستکورت بووم و ئاوارەبووم، لەبەر ئەوە هاوسەرگیریی دووەمم پێکنەهێناوە، ئێستاش پێمخۆشە، بەڵام کوڕەکەم هێنای ئیتر."
بەپێی یاسا؛ بۆ هێنانی هاوژینی دووەم مەرجە رەزامەندیی هاوژینی یەکەم لەبەردەم دادوەر وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ