ژینگەپارێزێک 25%ی دڵی کار دەکات؛ مووچەکەی 360 هەزار دینارە و 40 هەزار دۆلاری بۆ نەشتەرگەری دەوێت

 
رووداو - مەخموور

هاونیشتمانییەک چوار مانگە بەدەست جۆرێک لە نەخۆشیی دڵ دەناڵێنێت، نەخۆشییەک کە پزیشکەکان پێیان گوتووە، لە هەرێمی کوردستان چارەسەری زەحمەتە.
 
هەینی ساڵحی 58 ساڵ، لەسەر جێگە کەوتووە و رۆژانە حەوت جۆری دەرمان دەخوات، ئەو توانای چارەسەری لێرە نییە و چاوەڕوانی دەستی خێرخوازانە کە تێچووی نەشتەرگەرییەکەی لە هیندستان دابین بکات و نەخۆشییەکە یەخەی بەربدات.
 
هەینی ساڵح، نەخۆش دەڵێت، "پزیشک گوتی دوو دەماری دڵت گیراون، سەمامەی دڵت گەورە بووە، لێرەش هیچ چارەسەرێک نییە، دەبێت لە دەرەوە چارەسەری خۆت بکەیت، گوتیان چارەسەرت لە هیندستان یان لە تورکیا هەیە."
 
هەینی ساڵح وەکو شۆفێری شارەوانی مووچەی مانگانەی تەنیا 360 هەزار دینارە و لە خانوویەکی کۆنی قەزای مەخموور بە کرێ نیشتەجێن، لەگەڵ ئاسکەی هاوژینی هەرچۆنێک بووبێت چوار کچ و سێ کوڕەکەیان گەورە کردووە، بەڵام کەمدەرامەتی و نەبوونی بۆ چارەسەری پزیشکی، خەریکە لێکیان دادەبڕێنێت.
 
ئاسکە نەجم، هاوژینی هەینی ساڵح دەڵێت، "کرێی مانگانەی خانووەکە 50 هەزار دینارە، خۆیشی لە شارەوانی مووچەکەی 360 هەزار دینارە، ئێ چی بکەینە خەرجی؟ چی بە دەرمان بدەین؟ مانگانە 70 بۆ 80 هەزار دینار دەبێت بە دەرمان بدەین؛ ئێ کرێی کارەبا و موەلیدەیە و شەش حەوت کەسین."
 
ئەو پزیشکانەی کە هەینی ساڵح سەردانی کردوون، پێیان گوتووە بەهۆی گەورەیی نەشتەرگەرییەکە ناتوانن لێرە نەشتەرگەریی بۆ بکەن و رێنوێنییان کردووە بۆ دروستنەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی لە دەرەوەی کوردستان نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدات.
 
دکتۆر محەممەد خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، "پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلەیە، ئەو کردنەوەی سینگە (فەتح سەدر) سێ نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت، یەکەمیان گۆڕینی سێ دەماری سەرەکی، هەروەها نوێکردنەوەی ئەو بەشەی دڵی کە مردووە، سێیەمیان گۆڕینی سەمامەی دڵی، ئەو سێ نەشتەرگەرییە بەیەکەوە دەکرێت، چونکە ئەو نەخۆشە لاوازیی دڵی هەیە و هێزی دڵی 25%ـە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ئەو نەخۆشە زۆر زۆرە."
 
مام هەینی هەمیشە ئەوە دووپات دەکاتەوە، ناچاری وایکردووە داوای هاوکاری بۆ نەشتەرگەریی نەخۆشییەکەی لە دەرەوە کوردستان بکات، بۆئەوەی ئەگەر بە هەژاری و نەدارییش بێت، لەم تەمەنەیدا لەڕێگەی ژیان لەگەڵ خێزانەکەی دانەبڕێت.