لە چوار ساڵدا کەسانی نەناسراو 20 شوێنی گوندێکی دووکان بۆ دۆزینەوەی کانزای بەنرخ هەڵدەکەنن
رووداو - سلێمانی
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکی 20 شوێن لە گوندی قەمچوخە لە سنووری قەزای دووکان هەڵکەندراون بەمەبەستی گەڕان بەدوای شوێنەوار و کانزای بەنرخ لەلایەن هەندێک کەسی نەناسراو؛ یەکێک لە چاڵەکان کە هەڵکەندراوە، قووڵییەکەی نزیکی چوار مەتر و 20 سانتیمەتر دەبێت.
لەنێو گوندەکەدا تیمی رووداو بە شاخێکی سەختدا هەڵگەڕا تاوەکو گەیشتنە ئەشکەوتی سەرچاوێ، کە یەکێکە لەو شەش ئەشکەوتەی لە گوندەکە هەڵکەندراوە؛ هێشتا کەلوپەلی ئەو کەسانە لەوێ مابوو کە ئەشکەوتەکەیان هەڵکۆڵیبوو.
مامۆستا عەباس رەسووڵ، خەڵکی گوندی قەمچوخە دەڵێت، "هەندێکجار ئەو کەسانەى بەدوای شوێنەواردا دەگەڕێن، شەوان کارەکەیان دەکەن، چونکە شەوان ئەم ناوچەیە زۆر چۆڵە، تاوەکو ئێستاش نەزانراوە ئەم باندەی کە چوار ساڵە کار دەکات کێن و چییان دۆزیوەتەوە. کاتێک شوێنێکی هەڵکۆڵدراو دەبیندرێت خەڵکی گوندەکە هەواڵ بە ئاسایشی ناوچەکە دەدات، بەڵام هیچ کەسێک سکاڵای تایبەتی خۆی نییە. خەڵکی گوندەکە زۆر نیگەرانن، چونکە شوێنە شوێنەواری و گەشتیارییەکان دەشێوێندرێت."
لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاشکرا رێکلام بۆ ئامێری دۆزینەوەی زێڕ، شوێنەوار و کانزا دەکرێت، کە بە ئۆنلاین بە نرخی 250 دۆلار تاوەکو 2800 دۆلار دەفرۆشرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فرۆشتنی ئەو ئامێرانە قەدەخەیە.
بەپێی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر کەسێک کاری گەڕان و رووپێوی و هەڵکۆڵین یان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار بدات، بەند دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و قەرەبووی دوو هێندەی نرخی خەمڵێندراوی زیانەکە بکاتەوە و شوێنەوارەکەش وەکو خۆی لێبکاتەوە.
نەوشیروان عەزیز، بەرپرسی بەشی شوێنەوار و کەلەپوور لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "لە چەند مانگی رابردوودا 40 بۆ 50 دەستدرێژی کراوەتە سەر شوێنە شوێنەوارییەکان، کە هەموویان لیژنەیان بۆ چووە و راپۆرتیان لەسەر نووسیوە و دراوە بە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها لە رێگەی بەشی یاساوە رێکاری پێویست گیراونەتەبەر، بۆئەوەی بکەرەکان دەستگیر بکرێن. بیرۆکەیەکی هەڵە لای بەشێک لە هاونیشتمانییان دروستبووە، کە لەنێو بەشێک لە ناوچە شوێنەوارییەکان زێڕ و کانزای بەنرخ هەن، بەڵام راست نین."
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، زیاتر لە 1000 ناوچەی شوێنەواری دەستنیشان کراون، لە کاتێکدا پێشبینی دەکەن نزیکی 5000 ناوچەی شوێنەواری هەبێت.