رووداو - سلێمانی
نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی پێویستی بە حەوت بۆ هەشت ملیار دینارە، بەڵام ئەو پارەیەی کە لە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانییە، تەنیا سێ ملیار و نیوە، ئەوەش بەشێکی بۆ دروستکردنی رێگەی نوێ بۆ گوندەکان و بەشێکیشی بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکانە، واتە ئەو پارەیە بەشی یەک لەسەر سێی نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دەکات.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی سلێمانی بەهۆی کەمیی بودجەوە تەنیا گرنگی بە نۆژەنکردنەوەی رێگە سەرەکییەکان دەدەن، بەجۆرێک 85%ی رێگەی دووکان - خەلەکان نۆژەن دەکەنەوە.
تەها حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری تیمی فاریشەی یەک لە بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، "لەم رێگەیە 920 تۆن قیرمان بەکارهێناوە، لە کاتێکدا نزیکی 1450 تۆن قیرمان پێویستبوو، بۆئەوەی بتوانین رێگەکە بەباشی چاکبکەین. ئەو رێگایانەى زۆر پێویستیانبوو و رزیبوون و سوودیان نەمابوو، ئەوانەمان چاککردەوە."
کەمیی بودجە وایکردووە تەنیا گرنگی بەو رێگە سەرەکییانە بدرێت، کە هاتووچۆی زۆریان لەسەرە، ئەوانی دیکە نۆژەن ناکرێنەوە.
رێگەی دۆڵی جافایەتی رێگەیەکی سەرەکییە و شارباژێڕ بە دووکان دەبەستێتەوە، بەڵام هاتووچۆی کەم لەسەرە، بۆیە لە نۆژەنکردنەوە بێبەش کراوە.
بڕیار عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی قەرانگوێ ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو شەقامەکە تاوەکو دەگاتەوە دووکان خراپە، هەروەها کە دەچێتەوە بۆ سەرگەڵو هەر خراپە، هەمووی وێرانبووە."
ئەو رێگەیانەی سلێمانی پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە بریتین لە تاسڵوجە - دووکان، دووکان - خەلەکان، مێرگەپان - دۆڵەڕووت، عەربەت - زەڕایەن، دۆڵی جافایەتی، وارماوە - دەربەندیخان و رێگەی پێنجوێن؛ بەڵام کەمیی بودجە رێگرە لە نۆژەنکردنەوەیان.
محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی رایگەیاند، "دوو ساڵی رابردوو وەکو پێویست نەمانتوانیوە کار لە نۆژەنکردنەوەکاندا بکەین، بەهۆی ئەوەی ئەو پارەیەی لەبەردەستمانە کەمە و پێویستمان بە سێ هێندەی ئەوەیە، بۆئەوەی بتوانین بە رێکوپێکی رێگەوبانەکان نۆژەن بکەینەوە."
بە گوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، سلێمانی گرفتی نەبوونی پارەی نەختینەی هەیە، بۆیە بەم دۆخە گەیشتووە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆئەوەی بتوانین تۆڕی رێگەوبانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش تەواو بکەین، بەپێی ئەو پلانەی وەزارەت هەیەتی، پێویستمان بە سێ تریلیۆن دینارە، ئەمەش بە چەند ساڵێک دابیندەکرێت."
لە ساڵی 2022دا 174 کەس لە سلێمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەشی زۆریان لە رێگەکانی دەرەوەی شار بوون، بۆیە نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ