رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بڕی 60 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی رێگەی دووسایدی کەلار-دەربەندیخان دەرکرد، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت، پارەکە بەشی تەواوکردنی رێگەکە دەکات، کە لە کۆی 65 کیلۆمەتر، 41 کیلۆمەتری ماوە.
رۆژی دووشەممە، 13-6-2022، عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، لەبارەی تەرخانکردنی بڕی 60 ملیار دینار بۆ رێگەی کەلار- دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەرخانکردنی ئەو بڕە پارە لەو کاتەدا هەنگاوێکی باشە و گرنگە لە وادەی خۆی بدرێت، هەروەها پێویستە شایستە داراییەکانی بەڵێندەرانیش خەرجبکرێت، چونکە ئەو رێگەیە بەهۆی شایستەی ئەوانەوە چەند جارێک کارەکانی نیمچە راگرتنی تێکەوتووە".
رێگەکە لە کۆتایی ساڵی 2017ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە و درێژییەکەی 65 کیلۆمەتر دەبێت، ئێستا 24 کیلۆمەتی رێگەکە تەواوبووە و 41 کیلۆمەتری ماوە، واتە رێژەی 45٪ی کارەکانی تەواوبووە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 8518 ی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی یەکشەممە 12-6-2022 دەرچووە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی بۆ خەرجکردنی بڕی 600 ملیار دینار بەشێوەی نەختینە و بە قۆناخ لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ ساڵی 2022 داوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی رێگای کەلار-دەربەندیخان.
لەبارەی بڕیاری تەرخانکردنی بڕی 60 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی رێگای کەلار-دەربەندیخان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەراگەیێنراوێکدا رایگەیاند لەسەر داواکاری وەزیرەکەیان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی پارەکە دراوە و رایگەیاندووە: "ئەوەش دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دێت بۆ تەرخانکردنی بودجە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان و تەواوکردنی دوسایدی نێوان شارەکان."
بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت رۆژی یەکشەممە، 12-6-2022، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد و بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دانا عەبدولکەریم، باسی پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەشی کردووە کە گرنگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگا دووسایدییەکانی نێوان شارەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ