خەسرەو جاف: ئەمنی عێراق مەلا جەمیل رۆژبەیانیان کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم چەندجارێک رەخنەیان لە قسەکانی خەسرەو جاف لەبارەی "تۆمەتبارکردنیان بە کوشتنی مەلا جەمیل رۆژبەیانی" گرت. ئەو هونەرمەندە لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەدات کە مەلا جەمیل لەلایەن "ئەمنی عێراقەوە" لە ساڵی 2001 کوژراوە.
لە بەشی چوارەمی بەرنامەی پەنجەمۆر بە میوانداریکردنی خەسرەو جاف لە تەلەڤزیۆنی رووداو کە کاوە ئەمین پێشکێشی دەکات، ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی 2001 مەلا جەمیل رۆژبەیانی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە بەغدا لەلایەن "شێخ جەعفەر بەرزنجی کە ئەو کات پارێزگاری سلێمانی بوو کوژراوە".
دوای بڵاوکردنەوەی بەرنامەی پەنجەمۆر بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم لە روونکردنەوەیەکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداویان ناردووە، ئەو تۆمەتەیان رەتکردەوە و رایایگەیاند: "ئەم قسەیە زۆر گەورەیە و دەبێتە هۆی ورووژاندنی كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان سێ هۆزی گەورەی كورددا، كە بەرزنجە و جاف و رۆژبەیانییە و كە ئێمە بێ تاوانین لێی".
خەسرەو جاف لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رووداو رایگەیاند، "دەرکەوتووە کوشتنی مەلا جەمیل رۆژبەیانی لەلایەن ئەمنی عێراقەوە کوژراوە و ئەو دوو مەقالەی لە ناو گۆڤاری رەنگین کردووەتە پرد و دەنگۆی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە کوژراوە، جا با برادەرانی رۆژبەیانی و بەرزنجە ئەو حەقیقەتە بزانن".
مەلا جەمیل رۆژبەیانی لە گوتارێکدا بۆ گۆڤاری رەنگین باسی ئەوەی کردبوو کە بنەچەی بنەماڵەی شێخانی بەرزنجە "ناگەڕێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام". دوای ماوەیەک لە بڵاوکردنەوەی ئەو گوتارە لە ساڵی 2001 لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت.