زاخۆ داوای ئیدارەی سەربەخۆ دەكات

13-06-2019
ناسر عەلی
نیشانەکردن زاخۆ
A+ A-

رووداو - دهۆك

دانیشتووانی زاخۆ گلەیی لە كەمیی پرۆژە بۆ قەزاكەیان دەكەن و دەڵێن زاخۆ بەشێكی زۆر لە سندوقی داهاتی هەرێمی كوردستان پێكدێنێ‌، بەڵام تا ئێستاش زۆربەی رێگە و بانەكانی خۆڵن. سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ پێیوایە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە زاخۆش هاوشێوەی سۆران و گەرمیان بكرێ‌ بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ.

زاخۆ هەست بە مەغدووری دەكات، هەم لە خزمەتگوزاری و هەم لە بەشداری لە ئیدارەی بادینان، دەمێكە قسە لەسەر ئەوە دەكرێ‌ كە زاخۆییەك لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك هەبێ‌ و پۆستی جێگری پارێزگاری بدرێتێ‌.

ئازاد مستەفا كە دانیشتووی گەڕەكی شەعبانیكێیە لە قەزای زاخۆ دەڵێت: "هیچ نەماوە بۆ حیزبی دەسەڵات نەیكەین، لە ساڵی 1992ەوە كە یەكەم هەڵبژاردن لە كوردستان كراوە، هەمیشە پارتی زۆرترین دەنگی لە زاخۆ هێناوە. لە شەڕی داعشیش زاخۆییەكان زۆرترین شەهیدیان داوە، كەچی هێشتا رێگاكانمان خۆڵن و كارەباشمان لە شوێنی دیكە كەمترە".

ئازاد مستەفا نموونە بە گومرگی ئیبراهیم خەلیل و كێڵگەی نەوتی تاوكێ‌ دێنێتەوە كە هەردووكیان دەكەونە سنووری قەزای زاخۆ. ساڵانێك گومرگی ئیبراهیم خەلیل تاكە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان بوو. ئازاد دەڵێت "وەك ئەوە وایە لە بەردەم دەرگای بەهەشت بیت و رێگەت پێنەدەن بچیتە بەهەشت".

هەمووان چاویان بڕیوەتە شارەوانی، شارەوانیش دەڵێت لەبەر بێ‌ بودجەیی دەستوەستانن و ناتوانن سەرجەم خواستی هاووڵاتیان جێبەجێ‌ بكەن.

بژار مونیب، سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ، دان بەوەدا دەنێت كە خزمەتگوزارییەكی كەم بۆ زاخۆ كراوە "ناڵێم هیچ بۆ زاخۆ نەكراوە، بەڵام گلەیی خەڵكی زاخۆش لە جێی خۆیەتی. بەپێی بەدواداچوونی ئێمە 440 كیلۆمەتر رێگەی ناوخۆی زاخۆ پێویستی بە قیركردنە، بەڵام كێشەی بودجەمان هەیە، بۆیە ناتوانین قیریان بكەین".

زاخۆش وەك زۆر شاری دیكەی كوردستان بە خێرایی گەورە دەبێ‌. سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ دەڵێت گرفتی ئەوان گەڕەكە نوێیەكانە كە ناتوانن وەك پێویست خزمەتگوزارییان بگەیەننێ‌. بژار مونیب دەڵێت: "ئێستا 47 پارچە زەوی و خانووی هەیكەل لە زاخۆ هەن. تەنیا لە ساڵی 2001 بۆ 2012 نزیكەی 30 هەزار پارچە زەوی لە زاخۆ دابەش كران كە 20%ی هی خەڵكی زاخۆ نین، خەڵكی هەموو شوێنەكانی كوردستان دێن لە زاخۆ زەوی دەكڕن".

ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە لە زاخۆ بڵاوبووەتەوە كە سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ دەبێتە جێگری پارێزگاری دهۆك. بژار مونیب لەوبارەیەوە دەڵێت: "قسەی زۆر لەوبارەیەوە دەكرێ‌ و هیچ شتێكی فەرمی بە من نەگوتراوە. بەڵام كێشەی زاخۆ بە وەرگرتنی پۆستێك چارەسەر ناكرێ‌. من لەگەڵ ئەوەدام كە زاخۆ ببێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، پێشتریش ئەو پێشنیازە هەبووە، یاخود زاخۆ بخرێتە سەر ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوكات دەردەكەوێ‌ كە ئێمە كەمتەرخەمین یان بەرپرسانی حكومەت".

پێشنیازی دانانی زاخۆییەك بە جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ نۆ مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رایگەیاند "راستە پێشنیازێكی لەو شێوەیە كراوە، سێ‌ جاریش ناوی بەربژێر بۆ ئەو پۆستە بۆ ئەنجوومەن بەرزكراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیاری لێ نەدراوە".

 ئەو سەرچاوەیە هۆكاری یەكلانەبوونەوەی ئەو پرسەی روونكردەوە و گوتی: "گرفتەكە لە پێشكەشكردنی بەربژێرەكانە، هەر كاتێك ناوێك هاتبێ‌ بۆ ئەنجوومەن، دوای ئەوە ناوێكی دیكە هاتووە كە واستەی گەورەی هەبووە. بۆیە ئەو پرسە دواكەوتووە". 

عەبدولسەمەد تێلی، سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت: "راستە چەند جارێك ئەو بابەتە باسكراوە، تەنانەت جارێكیان رۆژی دەنگدان لەسەر كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری كرابوو، بەڵام دانیشتەكە دواخرا، بەبێ‌ ئەوەی هۆكارەكەی بزانرێ‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە