سەرەڕای بڕیاری لابردنی 50%ی رسوماتی گومرگیی هاوردەی ئاژەڵ نرخی گۆشت دانەبەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای مانگ‌ و نیوێك لە بڕیاری لابردنی 50%ی رسوماتی گومرگیی هاوردەكردنی ئاژەڵ، ‏هێشتا نرخی گۆشت هەرزان نەبووە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی دەڵێت، "لەبەر ئەوەیە کە تاکە رێگە بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ بە ئاسانی، ‏فڕۆكەخانەیە ‌و رێگەی وشكانی گرفتی زۆرە.‏"
 
لە 27ی ئاداری ئەم ساڵەوە، بڕیاری لابردنی 50%ی رسوماتی گومرگیی هاوردەكردنی ئاژەڵ جێبەجێ کراوە. جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە تۆڕی ‏‏میدیایی رووداو‏ی راگەیاند، ‏هێشتا نرخی گۆشت دانەبەزیوە.
 
جەمال حوسێن دەڵێت، "پێشتر لە توركیا ‌و ‏ئێرانەوە بە رێگەی وشكانی ئاژەڵێكی زۆر هاوردە دەكران، بەڵام ماوەیەكی زۆرە ‏ئێران بە ترانزێت رێگە نادات ‌و توركیاش بۆ هەر سەر ئاژەڵێك 150 تاوەكو ‏‏300 دۆلار بەپێی جۆری ئاژەڵەكە وەردەگرێت. بۆیە تەنیا رێگە بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ فڕۆكەخانەیە، ئەویش تێچووی زۆرە."
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی باسی لەوەش كرد، لەدوای بڕیاری ‏كەمكردنەوەی رسوماتی گومرگی، مۆڵەتێكی زۆریان بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ داوە، بۆیە ‏پێشبینی کرا كاریگەریی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران زیاتر دەربكەوێت ‌و نرخی گۆشت دابەزێت. گوتیشی، "ئەگەر گرفتەكانی هاوردەكردنی كەمتر ببنەوە بە دڵنیاییەوە ئاژەڵێكی زۆر ‏هاوردە دەكرێت ‌و نرخی گۆشتیش دادەبەزێت."
 
لەپێناو دابەزینی نرخی گۆشت لە 27-03-2024دا ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ لێخۆشبوونی 50%ی رسوماتی ‏گومرگی جێبەجێ‌ بكات.‏
 
لە هەرێمی کوردستان نرخی گۆشت لەنێوان 16 تاوەكو 24 هەزار دینارە‌، ئەوەش بەپێی جۆری ئاژەڵەكە دەگۆڕێت.
 
پێویستیی گۆشتی سوور بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 88 هەزار تۆنە.