لە ورمێ دەست بەسەر 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا و 8 قاچاخچیش دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا دەستیان بەسەر بڕی 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە، هەشت کەسیش بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون.
 
حەسەن دروستی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگای ورمێ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی پارێزگاکە، لەلایەن هێزەکانیانەوە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژی کرا و دەست بەسەر بڕی 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
حەسەن دروستی گوتی، هەشت کەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون، هەروەها 124 کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتن و 441 کەسی ئالوودە دەستبەسەر کران.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگای ورمێ گوتیشی، هێزەکانیان دەستیان بەسەر 11 ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە مادەی هۆشبەریان تێدا دۆزراوەتەوە.
 
بە گوتەی حەسەن دروستی، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ ئەو کەسانە، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراون.
 
رۆژی 4ی ئاداری 2024 بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاندبوو، لە 11 مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر چوار تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، 297 قاچاخچیش دەستگیرکراون و 61 باندی قاچاخ و ترانزێتی مادەی هۆشبەر لەنێوبراون. 
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.