باران و تەرزە بەرهەمی گەنم و جۆی 65 دۆنم زەویی جووتیارێکی بەتەمەن لەنێودەبەن

13-05-2024
پێشەوا بەختیار
بەرهەمی سەتان دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم و جۆی سنووری 10 گوندی شارەدێی سەنگاوی چەمچەماڵ، بەهۆی تەرزەی بەهێزەوە لەنێوچوون
بەرهەمی سەتان دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم و جۆی سنووری 10 گوندی شارەدێی سەنگاوی چەمچەماڵ، بەهۆی تەرزەی بەهێزەوە لەنێوچوون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
مام عومەری تەمەن 70 ساڵ، بەتەمەنترین جووتیاری گوندی کارێزەی دەلۆیە لە سەنگاو، باران و تەرزەی هەفتەی رابردوو، لە 65 دۆنم زەویی چێندراوی بە گەنم و جۆ، یەک مشتی لە بەرهەم بۆ نەهێشتووە، دەڵێت "لەوەتەی هەم، شتی وام نەبینیوە."
 
ژمارەیەک جووتیاری گوندەکە کۆبوونەتەوە و هەریەکەیان باسی قەبارەی زیانەکانی خۆی دەکات، کە تەرزە و باران بەرهەمی ساڵێک رەنج و ماندویێتییانی بەبابردووە.
 
عومەر قادر بە رووداوی گوت "بەرهەمی ئەمساڵ زۆر باش بوو، بەڵام خوا نەیکردە قسمەت و هەمووی خراپ بوو."
 
مستەفا حەمە ساڵح، جووتیارێکی دیکەیە، لەنێو زەویی مام عومەر دانیشتووە و مشتێک جۆ لەسەر زەوی هەڵدەگرێت، دەڵێ "ئەمە جۆکەی کاک عومەرە، هەمووی بووەتە پووش و هیچی نەماوە. (باران و تەرزە) ئاوێتەی زەویی کردووە."
 
بەرهەمی سەتان دۆنم زەویی چێندراو بە گەنم و جۆی سنووری 10 گوندی شارەدێی سەنگاوی چەمچەماڵ، بەهۆی تەرزەی بەهێزەوە لەنێوچوون، بەشێوەیەک خاوەن زەوییەکان جگە لە پووش و پەڵاش هیچی دیکەیان بۆ دەرنەچووە و چاویان لەوەیە حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە.
 
ئازاد حوسێن، جووتیارە و دەڵێ "پارەی جووت، بنەتۆو و دەرمان (قڕکەری کیمیایی) هەمووی دراوە، کەمەکەی 10 ملیۆن دیناری تێدا خەرجکردووە، بەڵام سفر بووەتەوە هیچی تێدا نەماوە."
 
لیژنەیەکی سێ کەسی لە هۆبەی کشتوکاڵی سەنگاو بە پێ و هەنگاو بە هەنگاو، ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە دەپێون، کە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی ئەنجامی رووپێوییەکەیان بە راپۆرتێک بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بەرزبکەنەوە.
 
سەردار حەسەن، بەرپرسی زەویوزاری کشتوکاڵی لە هۆبەی کشتوکاڵی سەنگاو دەڵێ "داوا دەکەم حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە، چونکە ئەوەی بینیمان، هیچیان بۆ دەرنەچووە."
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیارە زیاندمەنەکان دەڵێ "ئێمە، دەزانین زیان هەبووە، بەڵام ساڵانی رابردووش بەهۆی قەیرانی دارایی نەمانتوانی قەرەبوویان بکەینەوە، ئەمساڵ داوامان کردووە، بەڵکو حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە."
 
تەنیا لە سنووری شارەدێی سەنگاو، زیاتر لە 70 جووتیار سکاڵایان لە هۆبەی کشتوکاڵ تۆمار کردووە، کە باران و تەرزە بەرهەمی ئەمساڵیانی لەنێوبردووە و هەموویان داوای قەرەبوو دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".