دەستپاکیی عێراق: بەرتیلدان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرە 24٪ـە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەرتیل وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە 24٪ دەبێت. پارێزگای بابلیش لە پلەی یەکەم دێت لە رووی وەرگرتنی بەرتیلەوە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەنجامی راپرسییەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لەبارەی بەرتیل وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە عێراق بە درێژایی سێ مانگ و لە 57 بەڕێوەبەرایەتی کردوویەتی و بۆچوونی 7 هەزار و 225 کەسی وەرگرتووە، کە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەیان کردووە.
 
دەستپاکی تێبینی ئەوەی کردووە بەهۆی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە بیرۆکراسییەت لە کارەکان هەیە و کارەکان درەنگ جێبەجێ دەکرێن، جگە لەوەی دۆسیەکانی موڵکایەتیی خانووبەرە بزردەبێت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرە لە کارکردن خاون.
 
63%ـی ئەو کەسانەی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرە و دەستەکە بۆچوونیان وەرگراوە، دەڵێن خاویی رایکردنی مامەڵەکان هۆکاری سەرەکیی پەنابردنیانە بۆ بەرتیلدان. 42٪یش راستەخۆ بەرتیلیان داوەتە ئەوانەی کارەکانیان بۆ کردوون.
 
لە بەغدا رێژەی پێدانی بەرتیل 27.7٪ بووە، بەڕێوەبەرایەتی دووەمی کەرخ، بە 40.4٪ زۆرترین بەرتیلی لێدراوە، خانووبەرەی ئەعزەمییە بە 31.8٪ دووەم و کازمیە بە 31.7٪ سێیەم بووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شەعب، دووەمی کازمییە، یەکەمی رەسافە ئەم رێژانەیان بە دوای یەکەوە هەبووە: "18.4٪، 19.2٪، 23٪." 
لە پارێزگاکانیش رێژەی بەرتیل وەرگرتن بەمشێوەیە بووە:
 
-خانووبەرەی قاسم لە بابل: 47.5٪
-یەکەمی کەربەلا: 39.7٪
- ئەبو خەسیب لە بەسرا: 38.1٪
- شەترە زیقار: 1٪
-خزر لە موسەنا: 2.7٪
-سوق شیوخ: 2.9٪
 
دواکەوتنی راییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە 50.8٪ بووە و 61٪ـی سەردانیکارانی بەڕێوەبەرایەتییەکان هۆکارەکەیان بۆ رۆتین، 38.6٪یان بۆ لاوازیی چاودێری و 19.4٪یشیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل گەڕاندووەتەوە.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لێژنەی دەستپاکیی عێراق، بە رووداوی گوت: "زیادبوونی رێژەی گەندەڵی لە عێراق، لەنێویاندا بەرتیل وەرگرتن لێکەوتەی خراپی لەسەر ئایندە دەبێت، جگە لە بەفێڕۆچوونی سامانێکی زۆری خەڵک و دەوڵەتە، راهێنانی خەڵکە لەسەر ئەوەی بەبێ بەرتیل و گەندەڵی مامەڵەکانیان رایی ناکرێت، دڵنیام رێژەکە لە فەرمانگەی دیکە زۆر زیاترە."
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەنجامەکانی راپرسییەکەی بە نووسراو ئاڕاستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری داد کردووە.