رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پشکنینی پەنجەمۆر بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 800 هەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانەی لە کاتی دەنگداندا پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە، وەربگرێتەوە، کارەکەش لە سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکرێت.
کۆمیسیۆن داوای لە نووسینگەکانی کردووە پەیوەندیی بەو دەنگدەرانەوە بکرێت، کە پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە و پێیانڕابگەیێندرێت سەردانیان بکەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆرەکانیان.
جگە لەوە کۆمیسیۆن بڕیاری دا بە دەستپێکردنەوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 800 هەزار کەس ئەو کێشەیان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە هەندێک جۆری نەخۆشییان هەیە وەکو شەکرە، یان تەمەنیان گەورەیە و ئامێرەکان پەنجەمۆریان ناخوێننەوە."
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێیوایە بە وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانە تاڕادەیەکی باش کێشەکە چارەسەر دەکرێت، ئەوەش بە باشتر بەکارهێنانی ئامێرەکان و رێکخستنیانە بەشێوەیەکی وردتر.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوونی رێژەی 5٪ـی دەنگدەرانی هەر بنکەیەکی دەنگدان کە پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە بە ئاسایی دەبینێت و رێژەکە لەوە زیاتر بێت بە کێشە دەزانێت.
رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو بۆ کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بەشێک لە دەنگدەران پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە، ئەوەش وایکردووە بێبەش بن لە دەنگدان، نزیکەی 400 هەزاریان لە هەرێمی کوردستان دەبن و 400 هەزاری دیکەشیان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران گەڕاندبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ