قاسم ئەعرەجی پیرۆزبایی لە رووداو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی وێبی بۆ دۆکیومێنتاریی 'کۆرۆوای'، پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پەیامێکدا دەڵێت: "دڵخۆشین پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو بکەین کە یەکێکە لە دامەزراوە میدیاییە عێراقییە بە کوالێتییەکان و خەڵاتی وێبی بەدەستهێنا لە فیلمە دیکیۆمێنتارییەکەی 'کۆرۆوای'."
دەشڵێت: "ئەم دانپێدانانە فەرمییە جێی شانازییە بۆ ئێمە، بەتایبەت کاتێک ئەو رکابەرایەتییە بەهێزەمان لەگەڵ لە دەزگا میدیاییە جیهانییەکانی وەکو CNN و Bloomberg لەبەرچاو بێت."
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی خەڵاتەکە دەکات کە رووداو وەریگرتووە و دەڵێت: "خەڵاتەکانی وێبی پێوەرێکە بۆ ئەوانەیە لە ئینتەرنێت بەهێزن، ئەوانەی لە بواری گێڕانەوەی چیرۆکەکان و ئامرازەکانی دیجیتاڵی بەهێزن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئەعرەجیدا هاتووە: "بردنەوەی ئەم خەڵاتە بەتەنیا تیشک ناخاتە سەر پابەندیی دامەزراوەی تۆڕی میدیایی رووداو بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەنەد بە رۆشنبیری و سەرنجراکێش، بەڵکو جەخت لە گرنگی گۆڕەپانی میدیایی جیهانی دەکاتەوە. ئێمە ئەو بردنەوە جۆرییە بەرز هەڵدەسەنگێنین."
لە کۆتاییدا، قاسم ئەعرەجی دەڵێت: "لەو کاتەی تیشک دەخەینە سەر ئەم دەستکەوتە، ئومێدمان لێیان ئەوەیە بەردەوام بن لە داهێنان لە کارکردن لەسەر چیرۆکە گرنگەکان بۆ جەماوەر لەسەر ئاستی جیهان."
ئەم ساڵ بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی.
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە( Travel and Lifestyle). لەنێو هەزاران بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە.
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە.
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن IADAS هەڵدەبژێردرێن و دواتر براوەکان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن. هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت.