هاوپەیمانییەک و کەسایەتییەکی کریستیان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەی فیدڕاڵی عێراق لە دژی نەهێشتنی کورسیی کۆتای کریستیانەکان دوو سکاڵا لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکران، سکاڵای یەکەم لەلایەن کەسایەتییەکی کریستیان و دووەمیشیان لەلایەن هاوپەیمانییەکی کریستیان تۆمار کراوە.
زیا پترۆس، سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، کە بە گوتەی خۆی وەک سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆ سکاڵاکەی کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سکاڵاکەی لە دژی لابردنی کورسیی پێکهاتەی (کلدان ئاشور سریان) تۆمار کردووە، چونکە پێیوایە لابردنی کورسیی ئەوان لە پەرلەمانی کوردستان "پێچەوانەی دەستوورە."
زیا پترۆس گوتی: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بە 100 کورسی دیاریکردووە، ئەمەش نادادپەروەرییە. جگە لەوە کورسیی پێکهاتەی کریستیانی لابردووە، بۆیە داوام کردووە ئەو پێنج کورسییەمان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە بەمشێوەی ئێستا پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان لە خولی داهاتووی پەرلەمان نابێت."
سکاڵاکار دەڵێت: "لابردنی کورسیی کریستیانەکان پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی مادەی 49 و مادەی 125ـی دەستووری عێراقە، بۆیە داوامکردووە ئەو سیستمەی کۆمیسیۆن دایڕشتووە بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی کورسیی پێکهاتەکان بە نادەستووری بزانێت."
زیا پترۆس ژمارەیەک مادەی دیکەی دەستووری عێراقی بە نموونە هێنایەوە، لەوانە مادەکانی 14 و 16ـی دەستوور کە باسی پڕەنسیپی یەکسانی و رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم عێراقییەکان بێ جیاکاری دەکەن.
لە سکاڵاکەدا داوای کردووە، کورسییەکانی کریستیانەکان بگەڕێندرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش بە یەک بازنە بۆ ئەوان هەژمار بکرێت.
سکاڵاکار لە وردەکاریی سکاڵاکەیدا نووسیویەتی لابردنی کورسیی کریستیانەکان شوێن پەنجەی لەسەر پاشەکشێی پارتە سیاسییەکانیان و دواتر دۆخی کریستیانەکان و زەمینەی سیاسیی و کۆی سەقامگیریی کۆمەڵگە دادەنێت.
دادگەی فیدڕاڵی سکاڵاکەی لە زیا پترۆس وەرگرتووە، ژمارەی سکاڵاکەی 137ـی فیدڕاڵیی/2024ە، چاوەڕوانی دیاریکردنی رۆژی تاوتوێکردنە.
لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی کریستیان لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵایەکی بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی پێکهاتەی کریستیان تۆمارکرد و داوا دەکەن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەبێت.
هاوپەیمانی کریستیان، کە لە پێنج لایەنی کریستیان (کلدان سریان ئاشوور) پێکدێت، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024 لە رێگەی پارێزەر"ئەیاد کاکەیی"ەوە سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرد.
لە سکاڵاکەدا ئەو لایەنانەی کریستیانەکان داوا دەکەن شەش کورسیی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بگەڕێندرێتەوە کە بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لابراوە.
رۆبینە ئۆملیک، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ لە دادگەی فیدڕاڵی بۆ پێشکێشکردنی سکاڵاکە لە بەغدا بووە، بە رووداوی گوت :"سکاڵاکەمان بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی پێکهاتەکانی گەلەکەمانە، چونکە پێمانوایە ئەوەی کراوە بە لابردنی کورسییەکان نایاسایی و نادەستوورییە."
هاوپەیمانی کریستیان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سکاڵاکەیەوە دەڵێت بۆ داواکردنی چەسپاندنی مافی کریستیانەکە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو کورسیی کۆتایان هەبێت.
هاوپەیمانێتییەکە لە پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان، پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان، کۆڕبەندی کلدانیی جیهانی، پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، رەوتی شلاما بۆ کاروباری کریستیانەکان پێکدێت.
رۆژی یەکشەممە 6ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەبارەی دوو خاڵەوە تۆمارکرد، یەکێکیان رێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و دووەمیان نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکانە.
لە لێکەوتەی سکاڵاکە، رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی دا، دواتر کۆمیسیۆن کارەکانی راگرت.
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو، لە رۆشنایی بڕیارەکەش کۆمیسیۆن سیستەمی ژمارە دووی پەسندکرد کە کورسیی بازنەکان (پارێزگاکان)ـی بەمشێوەیە دابەشکردووە: 38 کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 34 کورسی بۆ پارێزگای هەولێر، دهۆک، 25 کورسی بۆ پارێزگای دهۆک، سێ کورسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە.