'گەورە قاچاخچییەکی ئەورووپا' کە بە 'دووپشک' ناسرابوو لە سلێمانی دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، "گەورە قاچاخچییەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ"یان لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپووڵ) دەستگیرکرد، کە بە "دووپشک" ناسراوە.

لە راگەیێندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای ئاڵۆگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپووڵ) بە فەرمانی دادوەر توانرا 12ی ئایاری 2024 "گەورە بازرگانێکی قاچاخچی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەناوی (ب. ک. م) ناسراو بە (دووپشک) دەستگیربکات و رادەستی یاسا کرا."

دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی بە هاووڵاتییان داوە، "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، هێزەکانی ئاسایش بەردەوام رووبەڕووی تۆمەتباران دەبنەوە لەپێناو دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ هەمووان."

تۆمەتبارەکە بە ماددەی 5 لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
 
'دووپشک' کێیە؟
 
"دووپشک" نازناوی گەنجێکی کوردە کە میدیاکانی ئەوروپا دەڵێن، قاچاخچییە و ناوی "بەرزان مەجید"ە و لە ئەورووپا "داواکراوی سەرەکییە" و تۆمەتبارە بەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرانی بە قاچاخ بردووەتە وڵاتانی ئەورووپا.
 
ئەو گەنجە کوردە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی BBCی بەریتانی گوتوویەتی، ژمارەی ئەو کەسانە نازانێت کە لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە قاچاخ پەڕاندوونیەتەوە بۆ بەریتانیا، "لەوانەیە هەزار کەس بن، لەوانەیە 10 هەزار کەس بن. نازانم، نەمژماردوون."
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیا بەریتانییەکە، ئەو گەنجە لەگەڵ باندەکەیدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ کۆنترۆڵی گواستنەوەی کۆچبەرانیان بۆناو بەریتانیا بە بەلەم و لۆری کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ هەر کەسێک کە بە بەلەم دەگوازرێتەوە بەریتانیا توانیویانە زیاتر لە 7500 دۆلار وەربگرن.
 
بەگوتەی کەناڵی بی بی سی ئەو باندە قاچاخچییەی کە بەرزان سەرپەرشتی دەکات زۆربەی رێگەکانی قاچاخی لەرێگەی بەلەم و لۆرییەوە بۆ بەریتانیا قۆرخ کردووە. 
 
بەرزان مەجید بە بی بی سی راگەیاندووە، ئەو تەنیا بۆ پارە کاری قاچاخچییەتی کردووە: "کۆچبەران لێم پاڕاونەتەوە بۆ ئەوەی بیانبەم بۆ ئەورووپا".
 
دان بەوەشدا دەنێت کە لە نێوان ساڵی 2016 تاوەکو ساڵی 2019 یەکێک بووە لەو قاچاخچییە گەورانەی سەرپەرشتیی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی لە بەلجیکا و فەرەنسا بۆ بەریتانیا کردووە. 
 
بەرزان بە بی بی سی راگەیاندووە، دوای ئەوەی برایەکی بەتۆمەتی قاچاخیکردن لە بەلجیکا سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت، شوێنی براکەی دەگرێتەوە و دەست دەکات بەکاری قاچاخچییەتی.
 
چۆن ئاشکرا بوو؟
 
کاتێک کۆچبەرانی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە مۆبایلەکانیانی پشکنیوە و زۆربەی کۆچبەرە نایاساییەکان ژمارەیەکیان بەناوی "دووپشک" لەنێو مۆبایلەکانیان هەڵگرتووە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەست بە لێکۆڵینەوە لێی کراوە.
 
مارتن کلارک، ئەفسەری لێکۆڵەری پێشکەوتوو لە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانیا (NCA) بە میدیای وڵاتەکەیی راگەیاندووە، ئەفسەرەکان زانیویانە کە "دووپشک" ئاماژەیە بۆ پیاوێکی کوردی عێراق بەناوی "بەرزان مەجید."
 
ئەو گەنجە، لە ساڵی 2006 و لە تەمەنی 20 ساڵیدا لەنێو لۆرییەکەدا بە قاچاخ خۆی گەیاندووەتە ئینگلتەرا. چەند ساڵێک لەنێو بەریتانیا ماوەتەوە، کە بەشێکی لە زیندان بەسەربردووە بە تۆمەتی جیاجیای پەیوەست بە چەک و مادەی هۆشبەر.
 
ساڵی 2015، بەریتانیا بەرزانی دیپۆرتی عێراق کردووەتەوە، بە ماوەیەکی کەمیش دواتر، وەکو میدیای بەریتانی ئاشکرای کردووە، دەستی بە بازرگانیی بەقاچاخبردنی خەڵک بۆ ئەوروپا کردووە.
 
لە ماوەی دوو ساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسدا، 26 ئەندامی گرووپە قاچاخچییەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و بەلجیکا دادگایی کراون، بەڵام "دووپشک" توانیویەتی هەڵبێت. بەڵام بەشێوەی ئامادەنەبوو، لە دادگەیەکی بەلجیکا بە 121 کەیسی قاچاخچێتی تۆمەتبار کراوە، لە ئۆکتۆبەری 2022ش سزای 10 ساڵ زیندانی و 834 هەزار پاوەن پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە. لەوکاتەشەوە گەڕان بەدوای "دووپشک" بەردەوام بووە.