رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی ئیسلامی لە شاری رۆتەردامی هۆڵەندا بە تووندی هێرشی کردە سەر مێردینییەکان و داوای کرد، ناسنامەیان لێبسەندرێتەوە. لە بەرامبەردا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کرا.
ئەحمەد ئاکگوندوز، سەرۆکی زانکۆی ئیسلامی لە شاری رۆتەردامی هۆڵەندا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە تووندی هێرشی کردە سەر مێردینییەکان و داوای کرد، ناسنامەیان لێبسەندرێتەوە. ئەو گوتی، "هاووڵاتیبوون لەو سەگانەی مێردین بسەننەوە کە کارەبا بە قاچاخ بەکاردەهێنن. ئەمانە دز و بێنرخن."
لە بەرامبەر ئەو سووکایەتییەی پڕۆفیسۆرەکە، بارۆی مێردین سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە. بارۆی مێردین رایگەیاند، "مێردین هەزاران ساڵە لانکەی شارستانیەت و ئاشتەواییە بۆ زمان، ئایین، نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان. خەڵکی مێردین نەک هەر لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا بە خەڵکێکی مۆدێرن دەناسرێن."
بارۆی مێردین جەختی کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کەس نادەن تۆمەتی نەشیاو و ناشرین بداتە پاڵ خەڵکی مێردین. هەروەها راشیگەیاندووە، "ئەو گوتە چڵکن و نەشیاوانە قبووڵ ناکەین و بەرامبەر هەموو جۆرە پەلامارێک، ئێمە لە تەک خەڵکی مێردین دەوەستین. بە رێزەوە بە رای گشتیی رادەگەیێنین، سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسە تۆمار دەکەین کە خەڵکی مێردینی کردووەتە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ