لە ئامەد زاوایەک خەزووری دەکوژێت؛ ژنەکەی و خەسوویشی بریندار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە ئامەدی باکووری کوردستان، زاوایەک دوای دەمەقاڵێیەکی تووند لەسەر تاپۆی خانوو، بە چەک خەزووری کوشت، دواتریش هاوسەر و خەسوویشی بریندار کرد.
 
رووداوەکە لە شەقامی موسا عەنتەری گەڕەکی مێزۆپۆتامیای سەر بە ناوچەی کاینپناری ناوەندی قەزای ئامەد روویداوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای کێشەکە لە دەمەقاڵێی نێوان زاواکە و یڵماز بەکچی، خەزووری دەستیپێکردووە. دواتر تۆمەتبار بە دەمانچە تەقەی لە خەزوور و خەسوو و خێزانەکەی کردووە.
 
لەدوای رووداوەکە تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە یڵماز بەکچی هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە. تۆمەتبارەکەش دوای تەقەکردنەکە لەوێ هەڵاتووە و تاوەکو ئێستا خۆی رادەست نەکردووە.