هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکان دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

بۆ پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، رۆژی یەکشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان کۆبووەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە دەڵێت، سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنج رۆژدا تەواوى زانیارییەکان لەبارەی سێ یەکەمەکانى بەشە زانستییەکان، بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
 
کۆبوونەوەکە بە راسپاردەى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە سەرپەرشتى د. توانا نەجەف محەممەدخان، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە دیوانى وەزارەت و ئامادەبوونی بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دەستپێکردنى هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستی بەش لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023) گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکى بە ژمارە (1928) لە رۆژی 25-04-2024 ئاراستە کردووین، بۆئەوەى داتا و زانیاریى تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر رەوانەى بەغداى بکەین بە مەبەستى دامەزراندنیان."
 
روونیشیکردەوە، سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنج رۆژدا تەواوى زانیارییەکان لەبارەی سێ یەکەمەکانى بەشە زانستییەکان، بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
 
د. توانا نەجەف دەڵێت، دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لەپێشینەى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى دەزانن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هەماهەنگی و هاوکاریی لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، پاڵپشتى و پشتیوانیى وەزارەتى بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگى و کارئاسانییەکیش دووپات کردەوە.
 
بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایى ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت لە ماوەى رابردوودا کرد و گوتی، "لە چەند رۆژى رابردوودا لیستى ناوى 1982 وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان رەوانەى بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بە هەمان شێوە پێشتریش لیستى ناوى 980 کەس لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان بە مەبەستی دامەزراندن ناردووەتە بەغدا، بۆ ئەمەش بەغدا رەزامەندیى لەسەر دامەزراندنى 226 کەسیان نیشاندا کە لە دانیشتووانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون."
 
بە گوتەی د. توانا نەجەف، بە هەوڵەکانیان 2075 کەس لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و 2626 کەسی سەر بەشە پزیشکییەکان کە خەڵکى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن، لەلایەن بەغداوە دامەزراون.
 
ئاماژەشی بەوە کرد، توانیویانە لە ساڵانی رابردوودا 2842 کەس لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی خوێندینی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنن.
 
د. توانا نەجەف رۆژی شەممە 11ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ کردووین بۆ ناوی سێ یەکەمەکان، ئێمە زانیارییەکان نوێ دەکەینەوە و دواتر هەمووی دەنێردرێتە بەغدا."
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بە بەغدا دەڵێن تاوەکو ئەمڕۆ بە هۆکاری جیا نەیانتوانیوە سێ یەکەمەکان دابمەزرێنن و دەشیانەوێت بزانن تێچووی دامەزراندنەکە چەندە. گوتیشی، "رەزامەندیی دامەزراندنی یەکەمەکان بدرێت، گرێبەست نابێت و هەمیشەیی دەبێت."