پەرلەمانتارێکی تەورێز: حکومەت هەوڵ بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ نادات

13-05-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی تەورێز، حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ نادات و دەڵێت، کۆمەڵێک بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو دەریاچەیە دروستدەکرێن کە ئەگەر تەواو بن، دەریاچەکە بەرەو نەمان دەچێت.
 
محەممەد باقر بەنائی، پەرلەمانتاری تەورێز، رۆژی 12-05-2023، گوتی، "حکومەتی ئێستا وەک حکومەتەکانی پێشوو، کار بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ ناکات، بۆیە ناوچەی دەریاچەی ورمێ لەڕووی ژینگەیی و مرۆییەوە رووبەڕووی قەیران بووەتەوە."
 
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەت رۆژی، 08-05-2023، گوتی، ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ گرنگییەکی تایبەتی بۆ حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی هەیە و ئەمساڵ حکومەت نزیکەی 48 ملیۆن دۆلاری بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخانکردووە.
 
بەگوتەی محەممەد باقر بەنائی، زۆنگاوەکانی دەوروبەری دەریاچەکەش کێشەی زۆریان هەیە و ئەوانیش مەترسییان لەسەرە.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی دەریاچەی ورمێ کرد و گوتی، "کەمبوونەوەی بارانبارین و بەفربارین، ئاوی بەنداوەکانی کەم کردووەتەوە و ئەوەش کێشەی بۆ جووتیاران دروستکردووە و ئێستا بۆ دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ و بۆ خواردنەوەش کێشەمان هەیە".
 
دەریاچەی ورمێ لە نێوان پارێزگاکانی تەورێز و ورمێدا هەڵکەوتووە و لە هەر دوو پارێزگادا ژمارەیەکی زۆر بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ئەو دەریاچەیە دروستکراون و هەزاران بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ هەڵکەندراون، ئەمەش ژیانی دەریاچەی ورمێی خستووەتە مەترسییەوە.
 
شارەزایانی ژینگە بە گومانەوە سەیری پڕۆژەکانی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەکەن. یوسف غەفارزادە، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاوی پارێزگای تەورێز چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی، ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ هەزار و 540 کیلۆمەترە، کەچی پاییزی ساڵی رابردوو 921 کیلۆمەتر بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە