لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەكێتی جووڵەی خستووەتەوە بازاڕ

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەكێتی، بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە جووڵەی تێکەوتووەتەوە. خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت، بازاڕ زیانی زۆری بەرکەوتووە و کەمێک کاتی پێویستە تاوەکو هەڵدەستێتەوە. 
 
هەفتەیەکە بازاڕی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە جموجۆڵی تێکەوتووە. کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
 
حاجی سەلام خاوەنی کۆمپانیایەکی فرەلق و گەورەیی خانووبەرەیە کە لە هەولێر و سلێمانی 50 نووسینگەی هەیە، دەڵێ دانیشتنەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەرمبوونەوەی بازاڕی خانووبەرە هەبووە. 
 
حاجی سەلام فەقێ، خاوەنی کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێت، "کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی و باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەریی باشیان لەسەر بازاڕی خانووبەرە دروستکردووە. ئێستا کڕین و فرۆشتنی خانوو زیادیکردووە."
 
لەدوای کەرتی خانووبەرە، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەیە.
 
دیار، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە و باسی ئەوە دەکات پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، "گاریگەریی لەسەر بازاڕی ئێمەش دروستدەکەن. هیوادارین پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی باشتربن تاوەکو بازاڕی ئێمەش باشتربێت."
 
ئێستا ئومێدەکان لەسەر ئەنجامی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی و کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی هەڵچنراون بۆ ئەوەی ببنە کلیلێک بۆ دەستپكردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان یەكێتی و پارتی.