وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا سەردانی قوتابخانەیەکی هەریری کرد کە بەناوییەوە کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

بێرنارد کوشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا سەردانی قوتابخانەیەکی حکومیی هەریر دەکات کە بۆ ماوەی دوو ساڵە ناوی ئەوی لێنراوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023،  بێرنارد کوشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا سەردانی ئەو قوتابخانەیەی لە هەریر کرد. قوتابییەکی قوتابخانەی بێرنارد کوشنەر بە جل و بەرگی کوردی سروودی نیشتمانیی فەرەنسی پێشکێش بە دۆستێکی دێرینی کورد و کودستان کرد. 
 
نەعیمە پۆلی 9ی بنەڕەتییە و دەڵێت، "بەڕاستی بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە کە لە کوردستان ئینجا لە هەریر قوتابخانەیەک هەیە بە ناوی بێرنارد کوشنەر. ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە لە کوردستان تەنیا کوردایەتی نییە، کەسایەتی دیکەش هەیە لە کوردستان ئەمە بۆ ئێمە زۆر جێگەی خۆشحاڵییە."
 
کوشنەر کاتێک هەفتەی رابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ یەکەمین جار لە پلانی گەشتەکەی سەردانی ئەو قوتابخانەیەی دانابوو. 
 
وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەمە بڕیاری ئەوان بوو. چونکە من نەمدەزانی قوتابخانەیەک بە ناوی بێرنارد کوشنەرەوە هەیە، چەندین جار هاتوومەتە کوردستان، بەڵام ئەمە یەکەم جارە دێمە ئێرە و هەموو شتێک دەبینم، هەموو قوتابییەکان، کچەکان، کوڕەکان. شەرەفمەندم و خۆشحاڵم بە سەردانکردنیان و سەردانکردنی ئێوە."
 
بێرنارد کوشنەر لە قوتابخانەکە لەگەڵ هەموو ستافی قوتابخانەکە کۆبووەوە و داواکاریی مامۆستاکان و بەڕێوەبەریش یارمەتی و پاڵپشتیی حکومەتی فەرەنسا بوو بۆ قوتابخانەکەیان. 
 
قوتابخانەکە لە ساڵی 2003 دروستکراوە و لە ساڵی 2021  بە ناوی کەسایەتییە فەرەنسییەکە کراوە. ئێستا 564 قوتابی تێیدا دەخوێنن. 
 
مامۆستاکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێن، هەرچەندە ناوی قوتابخانەکە نوێکراوەتەوە، لە ناوەڕۆکدا قوتابخانەکە هیچی لێ نەگۆڕدراوە و باڵەخانەکەی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. 
 
سەعید حەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە گوتی، "پێشنیازمان بۆیان ئەوەبوو کە زمانی فەرەنسی هاوشێوەی زمانی کوردی و عەرەبی لە پۆلی یەکی سەرەتایی بکرێتەوە قۆناخ بە قۆناخ، ساڵی یەکەم پۆلی یەکەم و ساڵی دووەم پۆلی دووەم، جەنابی بێرنارد کوشنەر بەڵێنیدا ئەوەی بکرێت بۆ ئێمەی بکات".
 
قوتابخانەکە تێکەڵاوە و دەکەوێتە گەڕەکی شەهیدان لە ناحیەی هەریر، لە پۆلی 1 تاوەکو 9ی بنەڕەتی قوتابی وانەی تێدا دەخوێنن.
 
بێرنارد کوشنەر پزیشکە و کەسایەتییەکی سیاسیی بەنێوبانگی فەرەنسییە، تەمەنی نزیکەی 84 ساڵە. لە مێژووی ژیانی سیاسیدا هەڵوێستی گرنگی لە ئاست کورد هەبووە.