رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێتی دەیەوێت رێککەوتنی 57٪ بە 43%ـی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە لەنێوان پارێزگاکاندا نەمێنێت و داهاتی نەوت و نێوخۆ هەمووی کۆبکرێتەوە و دابەشبکرێتەوە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە پارتی بە داواکەی یەکێتی رازی دەبێ یان نا. چاوەڕوانیش دەکرێت رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی پەرلەمانی کوردستانیش کارابکاتەوە و گفتوگۆکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستپێبکەنەوە.
ئەمساڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی "نیگەرانی"یەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان نەکردووە، ئەویش دوای ئەوەی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە قوباد تاڵەبانی و لە 22-12-2022ـەوە تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
یەکێتی: رێککەوتنی 57% و 43%ـی پارتی و یەکێتی بۆ مووچە هەڵبوەشێتەوە
بۆ هۆکاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندین هۆکار و داواکارییان خستووەتەڕوو، کە سەرەکیترینیان داواکردنی بە مەرکەزیکردنی مووچەیە؛ بەتایبەت کە مانگانە بەهۆی "نەبوونی" سیوولەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکەی ناوچەکە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی بڕیاریان داوە رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023 بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، هەرچەند تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتن لەسەر داواکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوە نەکراوە، بەڵام بڕیارە داواکانیان لە چەند کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
یەکێتی بە فەرمی رایگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت داهات و خەرجی بە مەرکەزی بکرێت، هەروەها بۆردێک سەرپەرشتیی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و کاری لەپێشینەی دابەشکردنی مووچە بێت.
ژمارەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆری تێپەڕاندووە. بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران 940 ملیار دینار پێویستە. پێش مانگی ئادار 700 ملیاری لە داهاتی نەوت و 200 ملیاریشی لە داهاتی نێوخۆ دەدرا.
رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کرابوو و لەسەر ئەو بنچینەیە لە داهاتی نێوخۆ لە سلێمانی و هەڵەبجە 43%ـی کورتهێنانی مووچەکە پڕبکرێتەوە و هەولێر و دهۆکیش 57%. ئێستا یەکێتی یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەیە و دەیەوێت هەرچی داهات کۆکرایەوە بچێتە وەزارەتی دارایی و دواتر بەگوێرەی پارێزگاکان دابەشبکرێتەوە و بۆ مووچە خەرجبکرێت؛ هیچ پارێزگایەک ناچار نەکرێت بە بڕێكی دیاریکراو پارە بۆ مووچە کۆبکاتەوە.
بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن، داهاتی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە داهاتی هەولێر و دهۆک ناگات و کەمترە. بەشێکی بەرپرسانی پارتیش تێبینییان لەسەر کۆکردنەوەی داهاتی سنووری سلێمانی هەیە و دەڵێن "شەفاف نییە".
تاوەکو ئەمڕۆ بەرپرسانی پارتی و تیمی ئەو حیزبە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داواکانی یەکێتییەوە وەڵامی ئاشکرایان نەخستووەتەڕوو، بەڵام چەند جارێک جەختیان کردووەتەوە کە داواکانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
گرژییەکانی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانیان پەکخستووە
هەرچەند تیمی یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش نەدەبوو، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام بوون، بەڵام کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکەکەی پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؛ کێشەی بۆ دروستبووە، بەجۆرێک لە شەش مانگی رابردوودا تەنیا شەش کۆبوونەوەی کردووە کە دواترینیان نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بووە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەستپێبکەنەوە و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن کاری لەپێشینەی بێ کە لەوێش ناکۆکیی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکە هەیە و بەهۆی ئەوەشەوە هەڵبژاردن کە دەبوو کۆتایی 2022 بەڕێوەبچێت ئەنجام نەدرا.
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن
پارتی و یەکێتی کە نەیانتوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەببەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی پەرلەمانیان بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە.
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چەند خاڵێک بوون. دوای چەند کۆبوونەوەیەکی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر بەشێکی ناکۆکییەکان رێککەوتن، یەکێک لەو خاڵانە کاراکردنەوەی ئەم کۆمیسیۆنەی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بوو بە هەمان پێکهاتەی حیزبەکانەوە کە ئێستا تێیدا هەیانە، بەو مەرجەی ئازاد بن لە گۆڕینی نوێنەرەکانیان. ئەوان هەروەها لەسەر شێوازی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنەیی و بە بنەماگرتنی تۆماری دەنگدەرانی عێراق رێککەوتن. هەرسێ خاڵەکە پێشتر پارتی لەسەریان ناڕازیی بوو، داواکاریی یەکێتی و بەشێکی دیکەی لایەنەکانی دیکە بوون.
سەرەکیترین ناکۆکی لەسەر هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن مابێتەوە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە کە لە کۆی 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان هەیانە؛ یەکێتی و بەشێکی لایەنەکان داوا دەکەن دەنگدانی ئەوانیش فرەبازنەیی بێ؛ پارتیش دەڵێت، پشتگیری لە بۆچوونی پێکهاتەکان دەکات و زۆرینەی پێکهاتەکانیش لەگەڵ یەک بازنەییدان.
سەرۆک بارزانی: گرنگە پێش 18ـی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە
دوای کەمبوونەوەی گرژییەکانی پارتی و یەکێتی، رۆژی 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، لە گوتارێکدا داوایەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم، کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە. داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
8ـی ئەم مانگە دوای زیاتر لە شەش مانگ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگریی کۆبوونەوە، هەموو لایەنەکانیش پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کردووە. ئێستا ئومێدەکان لەسەر ئەنجامی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی و کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی هەڵچنراون کە ئایا دەبنە کلیلێک بۆ دەستپكردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە کە 18-11-2023یە، یان ئاستەنگەکان چارەسەر نابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ