ئێران بۆ یەک دۆنم شووتی ھەشت کیلۆ مادەی کیمیایی بەکاردەھێنێت

رووداو - سلێمانی

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە شووتی ھاوردەکراو، بەتایبەت ئێرانی. لە سەرەتای ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ھەزار تۆن شووتی خراپ کە مەترسی هەبووە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران یاخود لەسەر سنوورەکان لەنێوبراون.

سەروەر عەلی لە عەلوەی سلێمانی دەڵێت "ئێمە ئاگادارین شووتی خراپ ھاتووە و گەڕێندراوەتەوە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین ھیچ شووتییەکی خراپ نەگەشتووەتە بازاڕەکان، مەگەر بازرگانی چاوچنۆک ھێنابێتی بەشاراوەیی ساخیبکاتەوە، ئێمەوە وەک لیژنەی سەندیکای عەلوەکان ھەر جۆرە شووتییەکی خراپ ببینین لیژنەکانی قایمقام ئاگاداردەکەینەوە و ناھێڵین بفرۆشرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە بەشێک لەو شووتییەکانی ئێران دەینێرێتە بازاڕەکانی سلێمانی، خواردنی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستدەکات.

شاڵاو جەمال دەڵێت "هەندێ شووتی سەمادی زۆر یاخود ھۆرمۆنی زۆری پێدراوە راستەوخۆ، ئەوانە مەترسی زۆری ھەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ،  ئێمە دەمانویست ھێنای رابگرین بەڵام لەبەر مانگی رەمەزان راماننەگرت".

شووتی ئەگەر بەشێوەیەکی سرووشتی بەرھەمبھێندرێت تەمەنی دەگاتە 100 رۆژ، بەڵام ئەو شووتییانەی لە ئێرانەوە ھاوردەدەکرێت بە مادەی کیمیایی و ھۆرمۆنات قەبارەی گەورەی دەکرێت؛ پێدەگەیێندرێ و تەمەنی پێشدەخرێت ئەوەش وادەکات شووتییەکی تەندروست نەبێت بۆ خواردن.

بەھێز عەبدوللەتیف، لێپرسراوی پشکنینی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت "دوای پشکنینی فیزیایی بۆ ئەو شووتیانە دەرکەوت بەشی زۆری بە کەڵکی خواردن نایەت یاخود مەترسی خواردنی ھەیە،  نزیکەی 90 بۆ 100 بارھەڵگر ھێنراوە لەو شووتییە، زۆربەی لەپشکنین دەرنەچوون، ئامۆژگاریمان بە خەڵک و عەلوە داوە حاڵەتی لەو شێوە ئاگادارمان بکەنەوە".

بەپێی رێنماییە کشتوکاڵییەکان، پێویستە سێ کیلۆ مادەی کیمایی بۆ یەک دۆنم شووتی بەکاربھێنرێت، بەڵام ئێران بۆ یەک دۆنم ھەشت کیلۆ مادەی کیمیایی بەکاردەھێنێت، ئەوەش وادەکات شووتییەکە بێتام بێت و بەخێرایی پێبگات.

بڕیاردراوە لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە باج بخرێتە سەر شووتی هاوردەکراو بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساخبکرێتەوە.