عەبدوڵڵا گول ئۆپۆزیسیۆنی توركیای هیوابڕاو كرد

13-05-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەبدوڵڵا گول ئەردۆغان تورکیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەفتەی رابردوو عەبدوڵڵا گول، سەرۆككۆماری پێشووی توركیا، رایگەیاند كە ئامادە نییە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی توركیا بپاڵێوێ، بەمەش ئەگەری سەركەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوودا زیاتر دەبێ، لەبەر ئەوەی هیچ بەربژێرێك نامێنێ ئەو بنكە جەماوەرییەی گولی هەبێ.

هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، بە تایبەتیش پارتی كۆماریی توركیا و پارتی سەعادەت، ماوەی 10 رۆژ سەرقاڵی دانوستاندن بوون لەگەڵ گول تاوەكو رازی بكەن لە هەڵبژاردنەكانی 24ی حوزەیراندا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی توركیا بپاڵێوێ، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن هەر لە سەرەتاوە كێشەیان هەبوو لەوەی بتوانن لەسەر كاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ هەڵبژاردن بگەنە رێككەوتن.

ئەردۆغان رۆژی 18ی نیسان داوای كرد هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی توركیا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك پێش بخرێن. لەم هەڵبژاردنەدا توركیا بە فەرمی لە سیستەمی پەرلەمانییەوە بەرەو سیستەمی سەرۆكایەتی دەچێ.

لە دوو ساڵی رابردوودا گول رەخنەی توندی لە هەڵكوتانە سەر ناڕازییەكان و سیاسەتی ئابووریی حكومەتەكەی ئەردۆغان گرتووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان و بازنەكەی دەزانن گول بنكەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی لە ئاكپارتیدا هەیە و ئەگەر خۆی پاڵاوتبا، دەیتوانی ژمارەیەكی زۆری دەنگەكانی ئاكپارتی بۆ خۆی بەرێ. گۆنوڵ تۆڵ، لێكۆڵەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن، پێیوایە سەرۆككۆماری پێشووی توركیا دەیتوانی دەنگی كوردیش ببات "ئەم دوو پێكهاتەیەش (واتە لایەنگرانی ئاكپارتی و كورد) بۆ سەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆن گرنگ بوون".

وەڵامە نێگەتیڤەكەی گول بۆ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا گوزارشت لە دوو راستی هەنووكەیی نێو پانتایی سیاسی توركیا دەكات كە یەكەمیان ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا تاوەكو ئێستاش و سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەكانی بەرامبەر ئەردۆغان، نەیتوانیوە لەسەر پلاتفۆرمێكی هاوبەش رێكبكەوێ. گول لە كاتی ئاشكراكردنی بڕیارەكەی خۆیدا رایگەیاند، ئۆپۆزیسیۆن لە نێوان خۆیاندا نەیانتوانیوە بە هاودەنگی بگەن. 

راستیی دووەم كە لێكەوتە گەورەكانی لە ساڵانی داهاتوودا دەردەكەوێ، پەیوەندی بەو گۆڕانكارییەوە هەیە كە خەریكە لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەت و سوپادا دروست دەبێ. رۆژی 26ی نیسان، ناوەندی هەواڵی هەبەرتورك ئاشكرای كرد كە خەلوسی ئاكار، سەرۆك ئەركانی توركیا و ئیبراهیم كالن، گوتەبێژی ئەردۆغان، بە هەلیكۆپتەر سەردانی ماڵی گولیان كردووە و هۆشدارییان داوەتێ بەدەم داواكەی ئۆپۆزیسیۆنەوە نەچێ. بە دەگمەن لە مێژووی توركیای نوێدا هەبووە سوپا لە باڵاترین ئاستی خۆیدا هێندە پشتگیری لە سەرۆكی وڵات بكات.

لە دەیە و نیوی رابردوودا، سێكولارە لیبراڵەكانی توركیا بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی ژەنەراڵەكان پشتگیرییان لە ئاكپارتی دەكرد، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی پارتەكەی ئەردۆغان و گول بنكەی جەماوەریی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپایان هەبوو، ئەم راستییە لە هەوڵی كودێتاكەی 2016دا پشتڕاست بووەوە، بەڵام راستییەك كە ئەو لیبراڵانە نەیاندەزانی، ئەوە بوو كە دەكرێ ئاكپارتییەكەی ئەردۆغان هێندەی ژەنەراڵەكان هەڕەشە لەسەر سەقامگیری ئابووری و ئاسایشی نێوخۆیی و پرۆسەی دیموكراتی لە توركیا دروستبكات.

نیكۆلاس دانفۆرس، لێكۆڵەر لە ناوەندی سیاسەتی هەردوو پارتەكەی ئەمریكا، بە (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاند "ئەردۆغان توركیای گۆڕیوە، توركیا پێشتر وڵاتێك بوو تێیدا ژەنەڕاڵەكان هەڕەشەیان لە سەركردە مەدەنییەكان دەكرد، بەڵام ئێستا سەركردە مەدەنییەكان دەتوانن ژەنەڕاڵەكان بۆ تۆقاندنی ركابەرە سێكولارەكانیان بەكاربهێنن".

لە دۆخێكی ئاوادا پرسیاری سەرەكی ئەوە بوو كە كێ دەتوانێ ركابەری سەرەكیی ئەردۆغان بێ. راپرسییە گشتییەكانی توركیا دەریاندەخست گول ئەو توانایەی هەبوو لە خولی یەكەم و دووەمدا تەنگ بە ئەردۆغان هەڵچنێ، هەرچەندە پارتی كۆماری لە هەوڵەكانی خۆیدا پارتی گەلی دیموكراتیك (هەدەپە)ی بەلاوە نابوو. 

ئەردۆغان پێویستی بە زیاتر لە 50%ی دەنگەكان هەیە بۆ ئەوەی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا پۆستی سەركایەتی داهاتووی توركیا مسۆگەر بكا. ئەگەر لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا هیچ كاندیدێك نەتوانێ زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بهێنێ، ئەوە دوو كاندیدە هەرە بەهێزەكەی خولی یەكەم لە خولی دووەمدا ململانێ دەكەن.

پاش بڕیارەكەی گول، پرسیاری سەرەكی شەقامی توركیا ئەوەیە كێ دەتوانێ مل لەبەر ملی ئەردۆغان بنێ كە بەپێی هەندێك راپرسی 40%ی دەنگدەرانی توركیا پشتگیری دەكەن. هەفتەی رابردوو، كەمال كلیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی (جەهەپە) رایگەیاند كە ئەو كەسەی خۆی دەپاڵێوێ دەبێ بێلایەن بێ، لایەنگری هەموو لایەنەكانی لەگەڵ بێ و پێشتر سەركەوتنێكی بەدەستهێنابێ كە ئێستا وەكو بناغەیەك بۆ سەركەوتنی داهاتوو سوودی لێ وەربگیرێ، لە لێدوانێكی دیكەشدا جەختی لەوە كردەوە كە مەرج نییە ئەو بەربژێرە ئەندامی جەهەپە بێ.

جەهەپە دووەم گەورەترین پارتی توركیایە و چاوەڕێ دەكرێ لە نێوان 20 بۆ 28٪ی دەنگەكان بۆ خۆی بەرێ، بۆیەش ئەگەر ئەردۆغان نەتوانێ لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر لە نیوەی دەنگەكان بهێنێ، چاوەڕێ دەكرێ كاندیداكەی (جەهەپە) ركابەری بكا. گۆنوڵ تۆڵ پێیوایە ئەمە مایەی نیگەرانی بەرەی ئەنتی ـ ئەردۆغانە، چونكە چەپە میانڕەوەكانی توركیا كە (جەهەپە) نوێنەرایەتییان دەكا، لە حەفتاكان و هەشتاكانەوە لە مێژووی سیاسی توركیادا سەركەوتنێكی ئەوتۆیان بەدەستنەهێناوە.

بنكەی جەماوەریی (جەهەپە) لەناو سێكولارەكان، چینی نێوەڕاستی شارنشین، بە تایبەتیش شارە كەنارییەكانی باكوور و باشووری توركیادایە، ئەم پارتە لە هەردوو شاری سەرەكیی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەش جەماوەرێكی زۆری هەیە، بەڵام پارتی گەلی كۆماری مێژوویەكی ناخۆشی لەگەڵ كورد و توركە بڕوادارەكانی توركیادا هەیە. لە چەند دەیەی رابردوودا ئەو پارتە هیچكات نەیتوانیوە دڵی كورد و بڕوادارەكانی توركیا بۆ لای خۆی رابكێشێ، لەبەر ئەوەی پشتگیری لەو بەهایانە دەكا كە بە بەها نەتەوەیی و سێكولارەكانی كۆماری توركیا ناسراون. هەر ئەم دوو هۆكارەش بەسن بۆ ئەوەی (جەهەپە) لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیادا شكست بهێنێ.

تۆڵ پێیوایە (جەهەپە) بەرپرسیارێتییەكی قورسی لەسەرشانە، چونكە لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیراندا دەبێ لەلایەكەوە پارێزگاری لە وێنەی خۆی وەكو قەڵای سێكولارە لیبراڵەكانی توركیا بكا و لەلایەكی دیكەشەوە وێنەی خۆی وەكو پارتێكی دژی كورد و بڕوادارانی توركیا بگۆڕێ، بەتایبەتیش لە كاتێكدا كە مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی چاك (ئی پارتی)، رایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لەگەڵ كورد هاوپەیمانێتی پێكبهێنێ، ئەمەش چانسی سەركەوتنی ئاكشەنەر و پارتەكەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا یەكجار كەم دەكاتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە