رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی رۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا بە ''زۆر گرنگ'' ناودەبات و دەڵێت: ''دەبێت هەموو دەرگەیەک بۆ ئافرەتان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆیان ببینن. "من دەڵێم [ئافرەتان] بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین بە هەموو توانامانەوە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی و حکومی، یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی گرنگیی رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا رایگەیاند: ''رۆڵی ئافرەتی کورد، هیچ کات لە رۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێکجار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێکی زۆر زۆر بەرچاویان هەبوو.''
کۆنفرانسەکە لەژێر دروشمی ''بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین'' ساز کرا. سەرۆک بارزانی لەبارەی دروشمەکەوە گوتی: ''دروشمتان جوانە، منیش پێتان دەڵێم بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین بە هەموو توانامانەوە.''
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستەسەر گرنگیی رۆڵی ژن لە پەروەردەی منداڵدا و گوتی: '' ئێستا ئەرکێکی زۆر گەورە لەسەر شانی ئێوەیە کە پەروەردەکردنی نەوەی نوێیە. بەداخەوە ناحەزانی گەلی کوردستان زۆر هەوڵیان دا گەنجەکانمان بە لاڕێدا ببەن، بە لای منەوە ئەوە زۆر مەترسیدارتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک، فڕۆکە و تەنانەت شەڕی کیمیایی و ئەنفالیش.''
سەرۆک بارزانی باس لە پەیوەندیی نێوان خاك و گەل دەکات و دەڵێت: ''مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو سەرگەردانە؛ بێ بەهایە؛ کەس قەدریشی نازانێت. خاکیش ئەگەر میللەتێکی لەسەر نەبێت، هیچ واتایەکی نامێنێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراونەتەوە.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هەموو دەرگەیەک بۆ ژنان بکرێتەوە ''بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆیان ببینن. دڵنیام دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن و جارێکی دیکەش جەخت لەوە دەکەمەوە ئێوە دروشمەکەی خۆتان جێبەجێ بکەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە هەموو توانامانەوە.''
دەقی گوتارەکەی سەۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشكان و كچانی بەڕێز،
ئامادەبووانی بەڕێز،
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە لە یەكەم كۆنفرانس بەم شێوەیە، ئومێدەوارم كە ئەنجامەكانیشی لە ئاستی ئەو تەوەقوعاتە بێت كە هەموومان پێشبینیمان كردووە و ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ لەمەودواش، من پێموایە ئەمە چالاكییەكی زۆر زۆر لە جێی خۆیەتی و ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبێت.
مومكینە ببێتە دووبارە كردنەوە، بەڵام پێویستە مرۆڤ بیڵێت، من جارێكی تریش دەیڵێمەوە كە رۆڵی ئافرەتی كورد قەت لە رۆڵی پیاو كەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێكجار زیاتریش نەبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێكی زۆر زۆر بەرچاویان هەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان، دایك بوو، مامۆستا بوو، جووتیار بوو، هەروەك گوێم لە وتارەكەی خۆم بوو كە نازانم لە چ موناسەبەتێك بووە، بەڵام حەقیقەت وایە. ئینجا دەبوایە پێش ئەوەی دوونیا رووناك ببێتەوە منداڵەكانیان ببەن بۆ بن بەردێك، بۆ بن ئەشكەوتێك لە ترسی ئەوەی فڕۆكە بۆمبارانی گوندەكەیان نەكات و چەندین جاریش وابووە كە دایكێك بە منداڵیەوە شەهید بوون. نانی پێشمەرگە، دیسان لەسەر ئافرەتی كورد بوو. ئەو پێشمەرگەیەی كە لە جەبهە بوو، دڵنیا بوو كە دایكی یان خێزانی، یان خوشكی چاوی لە منداڵەكانیەتی و نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە، بۆیە هەرچی باسی ئافرەتی كورد بكرێت، كەمە. لە شۆڕشی گوڵانیش هەمان شت، نموونەشمان زۆرن، وەكوو دایكە ئامینە، دایكە حەلیمە، دایكە عائیشە. لە شەڕی داعشیش كچەكانمان ئەوەندە ئازابوون كە جێی شانازی بوون بۆ ئێمە، لە چەندین جار خۆیان تووشی شەڕ بوون، یان كە داعش هجوومی هێنا بۆ ئەو شوێنەی كە ئەوان لێی بوون، شەڕێكی زۆر قارەمانانەیان كرد.
من زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان، لە زانكۆ، پەیمانگا، لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا رۆڵێكی بەرچاویان هەیە. پێویستە لە هەموو بوارەكان، ئافرەتی كورد رۆڵی خۆی ببینێت.
ئێوە درووشمتان جوانە (بە تواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین)، منیش پێتان دەڵێم بە تواناكانتان داهاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین.
بۆ یەكەمجار لە عێراق، كە ئافرەتێك لەسێدارە بدرێت، ئەویش كچێكی كورد بوو كە بوو بە سیمبوولی تێكۆشان و بەرخودان و خۆنەچەماندن، ئەویش لەیلا قاسم. چوونە لای و پێیان گوت نامەیەك بنووسە بۆ ئەحمەد حەسەن بەكر، داوای عەفو بكە، تۆ كچی و ئافرەتی، عەفوت دەكەین، گوتی ئێوە لەوە كەمترن من نامەی عەفو بۆ ئێوە بنووسم، من داوای عەفو لە میللەتی خۆم دەكەم.
نموونە زۆر زۆرن، نموونەی ئافرەتی كورد، بەڕاستی هەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەش پەروەردەی دەستی ئەو شێرە ژنانە بوون، ئێستاش ئەركێكی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەكردنی ئەم نەوەیەی نوێ، بەداخەوە ناحەزانی گەلی كوردستان زۆر هەوڵیان دا كە گەنجەكانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، بەهای نامێنێ، سەرگەردان دەبێ. ئەو شەڕەی كە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان كرد، بە لای منەوە زۆر زۆر خەتەرتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانك و فڕۆكە و تەنانەت كیمیاوی و ئەنفال. كاتێك گەنجێك پەروەردە كرا و گەورە بوو، هیچ وەلای بۆ خاكی خۆی نەبوو، بۆ كوێ دەڕوا؟ مرۆڤ ئەگەر خاكی نەبوو، سەرگەردانە، بێقیمەتە، كەس قەدریشی نازانێت. خاكیش ئەگەر میللەتی لەسەر نەبێت، هیچ مانایەكی نامێنێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاك پێكەوە بەستراون. من داواتان لێ دەكەم لە هەموو بوارێكدا رۆڵی خۆتان ببینن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت هیممەتێكی زۆر گەورە بكەن، بچنە ناو كۆمەڵگە، دایكان تێبگەیەنن كە ئەمە خەتەرێكی گەورەیە رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە و بەداخەوە تا ئاستێكی زۆریش كاریگەریی خۆیشی كردبوو، ئێستا باشترە. ئێمە خۆشحاڵین كە بینیمان لەم ماوەیەی دواییدا هۆشیارییەكی نەتەوەیی لەسەر رێگەیەكی راست دەبیندرێ، لە ئەورووپا، لەناو كوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵا ئەمە بەردەوام بێ و بەرەو زیاتریش بڕوات.
بە نسبەت ئەهمیەتی ئافرەت و مافی ئافرەت، بۆ ئێمە شتێكی زۆر زۆر پیرۆزە، چونكە پێش 120ساڵ، شێخی شەهید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و لە دوای ئەویش جەنابی شێخ ئەحمەد، بەردەوام بوون لەوەی كە مافی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت، ئیحترامی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت. ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بارزان و تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێش ڕۆیشت، چونكە بەهیچ شێوەیەك ئەو هەندێك دابونەریتی كە جاران هەبوو، بەداخەوە ئێستاش لە هەندێك شوێن ماوە، بەزۆر بەشوودانی كچ، ئەمە شتێكی ئەوپەڕی تاوانە بەڕای من، دەبێ ئارەزوومەندانە بێت كچ و كوڕ. مەجال بە ئافرەت درا رۆڵی خۆی ببینێت، ئافرەت هەستی بە هەبوونی خۆی كرد. بۆیە ئێمە سەربەرزین كە دەبینین ئەو بناغەیە 120ساڵ پێش ئێستا لە بارزان، ئەو مەسەلەی رێزگرتن لە ئافرەت و رۆڵی ئافرەت و ئەهمیەتی ئافرەت هەر لەو وەختەوە لەوێ ئەو بناغەیەی بۆ دانرابوو، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە.
سبەینێ ڕۆژی ئەنفالە، سەدەها و دەتوانم بڵێم هەزارەها دایك لەگەڵ منداڵی زیندەبەچاڵ كران. ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی هەموو ئەو شەهیدانە و بە تایبەتی ئەو دایكانەی بە منداڵەوە زیندەبەچاڵ كران و ئەو چەند گۆڕە بەكۆمەڵەی كە دۆزرانەوە، چەندین جار بینیمان كە دایك لەگەڵ منداڵەكەی پێكەوە شەهید كراون. موهیم ئەوەیە كە دەبێت خەبات بەردەوام بێت، نابێت خۆمان بچەمێنین، دەبێ هەموو دەرگایەك و هەموو مەجالێك بۆ ئافرەت بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی ببینێت، من دڵنیام كە دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن.
من جارێكی تریش تەئكید دەكەمەوە، ئێوە شیعارەكەی خۆتان جێبەجێ بكەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە هەموو توانایەك.
من نامەوێ زیاتر وەختی ئێوە بگرم، تەمەننای سەركەوتن دەكەم بۆ كۆنفرانسەكەتان و سەركەوتوو بن.
زۆر سوپاس...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ