رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەورووپا لە شاری هەولێری پایتەختن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
شاندەکە لە 15 کەس پێکهاتووە کە بەشی زۆریان ئەندامی پەرلەمانەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیان.
بڕیارە دوای سەردانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، رێبەری ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
شاندەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئامانجی سەردانەکە نەخستووەتەڕوو. بڕیارە لە پەرلەمانی کوردستان قسە بۆ میدیا بکەن.
دەیڤد وۆتس، ججۆن مان، جۆو وایت و نیال بێل ئینێز، ئەندامانی پارتی کار کە پارتی فەرمانڕەوای بەریتانیایە، لە نێو شاندەکەدان، لەگەڵ مات ڤیکەرز، جاک گێبهارد و جۆن لامۆنت، کە ئەندامانی پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەن.
لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپاشەوە، ئەندامانی ئەڵمانی، لوکاس سیپەر، دوستن هۆفمان و کریسل شیلەر؛ هەروەها ئەندامانی ئیستۆنی جاک مادیسن و ئالاری سۆیکمەتس بەشدارن.
ئیبراهیم دۆگوش، راوێژکاری پارتی کار کە هاوکات دامەزرێنەری ناوەندی توێژینەوەکانی تورکیایە، وەک هاوئاهەنگیکار لە سەردانەکەدا رۆڵ دەگێڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ