prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی 10 گفتوگۆ دەکەن.
دانوستاندنی هەردوو شاندەکە لە ئاستی باڵایە، پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوانیان بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکان هەیە.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە میانی بەشداریکردن لە پێشانگەی کتێب، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە پەلە بکەن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 ئەنجامدرا. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو. لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی بە رووداوی گوت، قوباد تاڵەبانی لە یۆنان گەڕاوەتەوە، "لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیارە لیژنەی باڵای یەکێتی و پارتی کۆببێتەوە. لەوانەیە چەند رۆژێکی دیکە بێت، لەوانەشە دوای هەفتەیەک بێت. ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا نەکرێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەبێت."
هاوکات، لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ پارتی، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: "رەشنووسی دیدگەی هاوبەش ئامادەیە، ئەوەش دوای چەندین کۆبوونەوە. لیژنەی تایبەتمەندیشمان دروستکرد. توانیومانە بگەینە دیدگەیەکی هاوبەش کە هەردوولا لەسەری رازی بین و ببێتە جێگەی رەزامەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. هەنگاوەکان ئەرێنین بۆ پێکهێنانی حکومەت."
پێشتر، رۆژی 10ـی نیسان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشە، لە شاری دێڵفیی یۆنان بە رووداوی راگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کردووە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەم جارە هاتووین گفتوگۆیەکی قووڵ و دوور و درێژمان کردووە لەگەڵ برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دیدگەیەکی هاوبەش بۆ حکومڕانی و توانیومانە لەو چەند کۆبوونەوانەی ئەنجامدراون بگەینە دیدگەیەکی هاوبەش. ئێستا بەرە بەرە دەچینە قۆناخێکی دیکە کە تێیدا باسی تەشکیلەی کابینەکە دەکەین. بۆیە گەشبینم بەم پرۆسەیە، راستە ئاسان نییە، بەڵام حکومەتیش پێکدەهێنین و راشیدەگەیێنین و هیوادارین حکومەتی داهاتوو باشترین حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ