رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوتوێى خشتەى وادەى کارەکانى دەکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان. بە گوتەى بەرپرسێکى ئەو کۆمیسیۆنە، لە چەند رۆژى داهاتوودا، ئەو خشتەیە پەسند دەکرێت.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 13ى نیسانى 2025، بە بەشدارى هەندێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرانى نووسینگەى کۆمیسیۆن بوو لە پارێزگاکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ى نیسانى 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەو خشتەیە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە پەسند دەکرێت".
خشتەکە بۆ وادەى جیاوازى هەنگاوەکانى کۆمیسیۆنە بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بکرێت.
لە 15ى نیسانەوە دەرگاى تۆمارکردنى پارت، هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان دەکرێتەوە و تاوەکو 4ى ئایارى 2025 بەردەوام دەبێت، ئامانج لەو هەنگاوە زانینى ئەو لایەنانەیە کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردندا.
عیماد جەمیل راگەیاند: دواى تۆمارکردنى ناوى پارت، هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان، دەرگاى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران دەکرێتەوە، دواتر تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێران دەکرێت،بەر لەوەى وادەى بانگەشەى هەڵبژاردن دیاری بکرێت.
لە 25ى ئادارەوە تاوەکو 9ى نیسان 140 هەزار و 370 دەنگدەر تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە کە حەوت هەزار و 122 یان ئەوانەن ساڵى 2007 لەدایکبوون و یەکەم جارە مافیان هەبێت دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ