رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی رێژاوی سەر بە شاری داڵاهوو لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خواردنی قارچکەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش ژەهراوی بوو.
رۆژی یەکشەممە، 13ی نیسانی 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی داڵاهوو بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ بەهۆی خواردنی قارچکەوە لە شاری رێژاوی سەر بە داڵاهوو، دوو هاونیشتمانی ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە نەخۆشخانە تەندروستی یەکێک لەو هاونیشتمانییانە تێکچوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، کەسەکەی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکەکاندایە و چارەسەر وەردەگرێت."
پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی داڵاهوو دەڵێت، ساڵانە سەرەڕای هۆشدارییەکانی شارەزایانی تەندروستی، بەشێک لە خەڵکی ناوچەی داڵاهوو بە تایبەت گوندنشینەکان بەهۆی خواردنی قارچکی شاخاییەوە ژەهراوی دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. بۆیە پێویستە خەڵک تەنیا لەو ناوەند و فرۆشگایانە قارچک بکڕن کە لەژێر چاودێری تەندروستیدان.
رۆژی 8ی نیسانی 2025، حەسەن نووری ساری، جێگری بەرپرسی فێرکاری فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند: "لە هەفتەیەکدا 30 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی دەشت و دەرەوە ژەهراوی بوون".
حەسەن نووری ساری گوتی: "سکچوون، رشانەوە، سکئێشە، تا، زیادبوونی لێدانی دڵ و وشکبوونەوەی دەم، سەرئێشە، گێژبوونی سەر، تەڵخبینی، زەردبوونی چاو و تەنانەت کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لە نیشانەکانی ژەهراویبوونن بە قارچک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ